ئه‌مڕۆ دێربیی میلانۆیه و میلان وه‌زعی باش نییه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
له یاری دێربیی میلانۆ له خولی ئیتالیا، هه‌ردوو یانه‌ی ئینته‌رمیلان و ئه‌ی سی میلان رووبه‌ڕووده‌بنه‌وه، میلانی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو به‌بێ پێنج یاریزانی سه‌ره‌كی یاری ده‌كات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 5ـی شوبات، له یاری لووتكه‌ی خولی پله یه‌كی ئیتالیا، دێربیی میلانۆ دێته ئه‌نجامدان، كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو یانه‌كه‌ی شاری میلانۆیه.
ئه‌م یارییه چه‌ند ناوێكی دیكه‌شی هه‌یه، وه‌ك “دێربیی تووڕه‌یی، دێربی دێلا مادۆنینا”.
یارییه‌كه‌ی له گه‌ڕی 21ـی خولی سێریا ئه‌یی ئیتالیایه، ئه‌مشه‌و كاتژمێر 22:45 به كاتی كوردستان له یاریگه‌ی جۆزیپی میاتزا ده‌ستپێده‌كات.
ئێستا له خولی ئیتالیا ئینته‌رمیلان له پله‌ی دووه‌مه به 40 خاڵ، یانه‌ی ئه‌ی سی میلانیش له پله‌ی شه‌شه‌مه به 38 خاڵ، كه جیاوازییه‌كه‌یان ته‌نیا دوو خاڵه.
میلان كه پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووه، ئه‌گه‌ر بردنه‌وه تۆمار بكات، دوور نییه راسته‌وخۆ بچێته‌وه پله‌ی دووه‌م.
تۆڕی سكای سپۆرتسی ئیتالیا ئاشكرای كردووه، پیۆلیی راهێنه‌ری یانه‌ی میلان، سوپرایزی بۆ یارییه‌كه هه‌یه و ده‌یه‌وێت پلانی تیپه‌كه‌ی بۆ 3-5-2 بگۆڕێت، چونكه 5 یاریزانی كاریگه‌ری به هۆكاری جیاجیاوه به‌شداری یارییه‌كه ناكه‌ن، ئه‌وانیش “ماینان، ئیبراهیمۆڤیچ، تۆمۆری، فلۆرێنزی و بن ناسڕ”.
له پێكهاته‌ی یانه‌ی ئینته‌ریش، خواكین كۆریا به‌هۆی پێكانه‌وه یاری ناكات.
هه‌ردوو یانه مانگی رابردوو له یاری سوپه‌ری ئیتالیا له سعوودیه به‌یه‌كگه‌یشتن و ئینته‌ر یارییه‌كه‌ی به 3-0 گۆڵ برده‌وه.
یاری نێوان هه‌ردوو یانه، یاری ژماره 178ـه له مێژووی دیداره‌كانی نێوانیان له خولی پله یه‌كی ئیتالیا.