ئازاد دەکرێت

دادگاى پێداچوونەوە لە بەرژەوەندى رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بڕیاریدا

وریا فەتاح

دادگاى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە ئازاد کردنى رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد و هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو تۆمەتانەى لەسەرى بوون.

بەشدار حەسەن، پارێزەرى دۆسییەکە بە 964ـى وت،”پێشتر دادگاى تاوانى دهۆک، بەپێى مادە یەک لە یاساى ژمارە 21ـى ساڵى 2003ـى پەرلەمانى کوردستان کە تایبەتە بە تێکدانى ئاسایشى ناوخۆ، بۆ ماوەى سێ ساڵ زیندانى بەسەردا سلێمان ئەحمەد دا، سەپاند”.

ئاشکراشى کرد، ئەمڕۆ دادگاى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم تۆمەتەکانى سەر رۆژنامەنوسەکە و ئازادکردنى دەستبەجێ.

سلێمان ئەحمەد خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، 25 تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 لە دەروازەی فیشخابور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و رادەستى ئاسایشى دهۆک کرا.