وێنەی ژمارەیەک تانکەر لەکاتی گواستنەوەی سوتەمەنی - فۆتۆ: بۆ 964 نێردراوە
لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بەسەرداگیراوە
زیاتر لە 41 هەزار لیتر سوتەمەنی قاچاخ لە پەروێزخان دەستی بەسەرداگیرا
شۆڕش قادری
زیاتر لە 41 هەزار لیتر سوتەمەنی قاچاخ لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لەدیوی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەستی بەسەرداگیرا.
ئەو تانکەر و پاسانەی لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتوچۆ دەکەن، زۆرجار بەنزین و سوتەمنی زیادە باردەکەن و لە بازاڕی رەشدا دەیفرۆشنەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری ئێقبال کەرەمی فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کرماشان بڵاویکردووەتەوە، لەکاتی گەڕانی هێزەکانیان لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، چەند تانکەر و ئۆتۆمبێلێک دەستیان بەسەردا گیراوە کە هەڵگری سوتەمەنی قاچاخ بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە هەڵگری 41 هەزار و 210 لیتر بەنزین و گازی قاچاخ بوون بەبەهای 131 ملیۆن تمەن.
فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشان راشیگەیاندووە، لە 21.3.2024 تا 21.11.2024 ، هەشت ملیۆن و 500 هەزار لیتر سوتەمەنی قاچاخ لە پارێزگای کرماشان دەستی بەسەرداگیراوە و رێژەکە بەراورد بە ساڵ 2023 لەو کاتەدا، هەشت هێندە و نیوز زیادی کردووە.
دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان یەکێکە لە مەرزە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کە کەوتووەتە نێوان قەزای کەلار و شاری قەسری شیرینـی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.