قوتابیان گەرمیان دەبێتەوە

سەرماکەی پێنجوێن بەهێزتر بووە؛ نەوت نێردرا بۆ قوتابخانەکان

964+
کامیار کەمال- پێنجوێن

قوتابخانەکانی سەنتەری قەزای پێنجوێن بڕە نەوتی پێویستیان وەرگرت و هەفتەی داهاتووش نەوت دەگاتە قوتابخانەکانی ناحیەکانی ناڵپارێز و گەرمک.

قەزای پێنجوێن خاوەنی 82 ناوەندی خوێندنە و لە سەنتەری قەزاکەش 12 قوتابخانە و دوو باخچەی ساوایان هەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.1.2025، ئەسعەد جافر بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە 964ی وت، ساڵانە پێویستیان بە 70 هەزار لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن نەوت دابەشبکەن بەسەر سەرجەم قوتابخانەکانی قەزاکە.

ئەو نەوتەی کە گەیشتووە پێیان، بڕی 33 هەزار و 950 لیترە، بەڕێوەبەری پەروەردە وتی، تەنیا بۆ قوتابخانەکانی سەنتەری قەزای پێنجوێنە و ئەوەشی کە ماوەتەوە لە هەفتەی داهاتوودا دەگاتە قوتابخانەکانی هەردوو ناحیەی ناڵپارێز و گەرمک.

لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە، سەرمایەکی بەهێز لە پێنجوێن دەستی پێکردوە کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندن، ئەسعەد جافر وتی، لەو کاتەدا نەوتی تەواویان هەبووە و زۆپاکان لە پۆلەکان کاردەکەن چونکە، خەزانێکی تایبەتیان هەیە کە 30 هەزار لیتر نەوت دەگرێت و لەو نەوتەیان بەکارهێناوە، ئەوەش جگە لەو 70 هەزار لیترەی دیکە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دیمەنی پێدانی نەوت بە قوتابخانەکان؛