فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان _ وێنە: AP
ئاسایشی ئاسمانەکەی پارێزراو نیە
عێراق گرفتی لە کەمی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
پەڕلەمانتار، محەمەد شەمەری لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، عێراق گرفتی لە کەمی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەیە، لە داهاتوو ئەو گرفتەش دەبێتە هەڕەشە و ناتوانێ ئاسایشی ئاسمانی خۆی بپارێزێ.
پەڕلەمانتارەکە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقە و یەکێکە لەو کەسانەی سەردانی دامەزراوە ئەمنییە زەمینی و ئاسمانییەکان دەکەن، شەمەری ئاماژە بەوەشدەکات، لە ئێستادا عێراق خاوەنی دوو سیستمی بەرگریی ئاسمانییە، یەکێکیان ئاراستەی سنووری سوریایە و ئەوی تریان ئاراستەی سنووری باکوورە، بەڵام ئەم دوو سیستمە بەتەواوی رووماڵی هەموو پێویستی بەرگریی ئاسمانیی وڵات ناکات.
پێشتر وەزارەتی بەرگری عێراق، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆریای باشوور واژۆ کردبوو بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بۆ عێراق، پێشبینی دەکرێت گەیاندنی ئەو سیستمە لە ساڵی 2026 دەستپێ بکات.
ئەوەش بە بڕوای ئەو پەڕلەمانتارە، لەو چوارچێوە خۆی دەبینێتەوە کە، عێراق کاردەکات بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی چەکی سوپاکەی بۆ بەرزکردنەوەی توانا بەرگرییەکانی و پاراستنی خاکەکانی لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.