کۆتا رۆژی ساڵ بۆ گەرمیانییەکان نەهات بوو

لە دوو رووداوی هاتوچۆی دیکەدا 12 کەس برینداربوون

شۆڕش قادری

کۆتا رۆژی ساڵ بۆ گەرمیانییەکان نەهات بوو و بەهۆی دوو رووداوی هاتوچۆی دیکەوە 12 کەس برینداربوون.

دوای ئەوەی لەسەر رێگای کەلار – دەربەندیخان لە رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، هەر لەسەر ئەو رێگایە پیکابێک لە رێگا لایدا و دوو کەس برینداربوون، دوای ئەوەش لە سەر رێگای کەلار ـ شێخ لەنگەر نزیک گردە گۆزینە سێ ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و 10 کەس برینداربوون.

سامان عەلی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب MG  لەسەر رێگای کەلار دەربەندیخان کۆنتڕۆلی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە راگری قەراخ جادەکە”.

وتیشی، پیکابەکە دایک و باوک و دوو منداڵی تێدابووە و منداڵەکان بە سوکی برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەو رووداوە لەسەر ڕێگای کەلار ـ شێخ لەنگەر نزیک گردە گۆزینە بەهۆی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێلی جۆری مازدا تایبەت و نیسان سینترا و کیا سیراتوو 10 کەس بریندار بوون کە حەوت کەسیان ژن و سێ لە بریندارەکان پیاون.

روونیشیکردەوە، ئۆتۆمبێلی نیسان سێنترا و کیا سیراتوو بە ئاراستەی شێخ لەنگەر ڕۆیشتوون، ئۆتۆمبێلی جۆری مازدە تایبەت بەئاراستەی کەلار هاتووە لەنزیک گردەگۆزینە پێکیانداداوە.