ئاگاداربن.. جۆرێکی نوێی دزی لەهەولێر سەریهەڵداوە

 میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر

 جۆرێکی دزی لە شوفێری ماتۆڕسکیلی گەیەنێنەرانی خواردن پەیدا بووە، کەسانێک داوای خواردن دەکەن کەچی دواتر گیرفانیان دەبڕن.

  کاروان خۆشناو، ئەفسەر لە پۆلیسی سنوور -وتەبێژی پێشووی پۆلیس- لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە چەند کەسێک لە هەولێرەوە پەیوەندییان پێیەوە کردووە، پێیان راگەیاندووە کە دزییان لێکراوە.

 ئەوانەی پەیوەندییان پێیەوە کردووە، شوفێری ماتۆڕسکیلی گەیەنەری خواردنن کە بە (دیلیڤەری) لەناوە خەڵک ناسراون، دەڵێ؛ گروپێک کەسن داوای خواردن دەکەن و کاتێکیش خواردنەکەش دەگەیەنین لەجیاتی پێدانی پارەکەی، ئەوا گیرفانمان دەبڕن و هەرچی پارەی لامان هەیە، لێمان دەبەن.

“بەناوی داواکردنی خواردن، گیرفانی چەندان ماتۆڕسکیلی دیلیڤەری بڕدراوە”

 میدیازان، پەیوەندی بە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر کرد، رایگەیاند کە تا ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی تشرینی یەکەم، هیچ کەس سکاڵای لەسەر ئەو پرسە تۆمار نەکردووە، وتی “داوایان لێدەکەم با سکاڵا تۆمار بکەن، تا ئێمەش لەڕێگەی کامێراکانی چاودێری بەداواچوونی بۆ بکەین”.

لە سەنتەری هەولێر، ٦١ بنکەی پۆلیس و نووسینگەی نەهێشتین تاوان هەیە، جگە لە بنکەکانی ئاسایش و دانانی چەندان کامێرای چاودێری.

 ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروان خۆشناو کردووە، ئەوانەی تەلەفۆن دەکەن و داوای خواردن دەکەن زۆرینەیان لەسەر شەقامی ١٢٠ مەترییە، تەنیا پێنجشەممەی رابردوو، پێنج شوفیری ماتؤڕسکیل گیرفانی براوە.