هێزەکانی ئاسایشی هەرێم دەستییان گرتووە بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی تیرۆرستان وێنە: ئەرشیف
ئامارەكانی ئاسایشی سلێمانی
632 كەس بە تۆمەتی “تیر*ۆر* و 1019 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان – سلێمانی، ئاماری كار و چالاكییەكانی ساڵی 2024ی خۆیان بڵاوكردەو، كە چەندین داتا و ئاماری سەرنجڕاكێشی تێدایە.
ئامارەكان ئەمڕۆ یەكشەممە 29.12.2024 لە رێگەی ڤیدیۆیەكدا بڵاوكراوەتەوە و تێیدا عەقید سەلام عەبدولخالق بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگاكە، وردەكارییەكان دەخاتەڕوو، كە تێیدا هاتووە، لە ماوەی ئەمساڵدا 257 ئۆپەراسیۆنیان بۆ دەستگیركردنی “تیر*ۆر*یستان” ئەنجامداوە، لەگەڵ 74 كێوماڵ بۆ لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی “تیر*ۆر*یستان”.
هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو، 636 كەس بە تۆمەتی “تیر*ۆر*” دەستگیركراون و بە پێی یاساكانی 2 و 4 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی “تیر*ۆر*” مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.
ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ئەوەش دەخەنەڕوو، لەگەڵ دەزگا ئاسایشییەكانی دیكەی كوردستان و عێراق، 126 كاری هاوبەشیان ئەنجامداوە.
هەر لە ڤیدیۆكەدا باسی ئەوە كراوە، هەزار و 19 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە بارزگان و بەكارهێنەر دەستگیركراون و بڕی سێ تۆن و 24 كیلۆ و 600 گرام ماددەی جۆراوجۆری هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت، سێ هەزار و 283 سكاڵا لەسەر تاوانی ئەلیكترۆنی لە ئاسایش تۆمار كراوە و بەشێكی زۆری سكاڵاكان بە ئەنجام گەیشتووە و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.
هەروەها ئامارێكی دیكە دەخاتەڕوو، تێیدا 10هەزار و 157 سكاڵای تاوانە جۆراوجۆرەكان تۆمار كراون، جگە لەوەی 606 سكاڵا كە لە لایەن دادگاكانەوە بەرزكراونەتەوە، لە رێگەی كامێراكانی چاودێریی ئاسایشەوە بەدواداچوونی بۆ كراوە و هاوكاریی دادگاكان كراوە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران.
بەشێكی دیكەی كاری ئاسایشی سلێمانی لەم ساڵدا، ئابووریی بازاڕ بووە و بۆ ئەمەش لە داتاكاندا هاتووە، ئاسایش لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكان 50 هەزار و 983 سەردانیان بۆ بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان ئەنجامداوە و توانیویانە دەست بەسەر 629 تۆن خۆراك و دەرمانی ماوەبەسەرچوودا بگرن.
لە ئامارەكەی ئاسایشی هەرێمی – سلێمانیدا هاتووە، ئەمساڵ لە سنووری ئەواندا 63 كەس كوژراون و 32 كەیسی خۆكوژییش هەبووە، هەروەها 171 حاڵەتی تەقەكردن تۆماركراون.
ئاسایشی هەرێم – سلێمانی لە بارەی چەكی بێ مۆڵەتیش ئەوە دەخەنەڕوو، ئەمساڵ 142 بازرگان و تۆمەتبار بە چەكی بێ مۆڵەت دەستگیر كراون، 881 پارچە چەكیش دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ 22 هەزار و 354 پارچە تەقەمەنی.
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوە ڤیدیۆییەكەدا، ئاماژە بەوە كراوە ئەمساڵ 14 هەزار دۆلاری ساختە و 16ملیۆن و 750 هەزار دیناری ساختەش دەستیان بەسەردا گیراوە.