ترەمپ بڕیار دەدات

2024 ساڵى زێڕ بوو، 2025 چى لێدێت؟

964+

وریا فەتاح

زێڕ لە ساڵى 2024 دا گەیشتە ئاستێکى بەرزو بەڕێژەى نزیکەى 25% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینى، بەڵام پرسیارى سەرەکى ئەوەیە زێڕ لە 2025 دا چى لێدێت و هاتنى ترەمپ بۆسەر کورسى سەرۆکایەتى چ کاریگەرییەکى لەسەر بەهاکەى دەبێت؟

لە ماوەى 2024 دا، بە چەند هۆکارێک کە یەکێکیان گرژییە ناوچەییەکان بوون بە تایبەت رووداوەکانى فەلەستین و لوبنان و سوریا و شەڕى ئۆکرانیا و روسیا، ئەوەى تریشیان بەرزى سوودى بانکى ئەمەریکا، هۆکارى بەرز بوونەوەى نرخى زێڕ بوون، لەلایەکى دیکەوە دابەزاندنى باجى هاوردەکردنى زێڕ لە لایەن هیندستانەوە بۆ نزمترین ئاست، هۆکارێکى دیکە بوو لەسەر بەرزکردنەوەى نرخى زێڕ و زیادکردنى خواست لەسەرى.

لە دواى خاوبوونەوەى گرژییەکان و کەوتنى ئەسەد و لاواز بوونى حیزبوڵا و هاتنى ترەمپ، نرخى زێڕ کەمێک پاشەکشێى کرد و ماوەیەکیشە لە ئاستێکدا جێگیر بووە.

ترەمپ بەینى لەگەڵ بازاڕى ئەلیکترۆنى باشە و ئاماژەکانیش بەو ئاراستەیەن کەسوودى بانکى دابەزێنێت، ئەمانەش لە قازانجى زێڕ نابن.

لە 2024 دا، زێڕ سودى گەورەى وەرگرت لە گرژییەکان بە شێوەیەک یەک ئۆنسەى بۆ نزیکەى 3 هەزار دۆلار و بەڕێژەى 25% بەرز بووەوە، بەڵام رەنگە ئەوە بەرزترین ئاستى بووبێت و بەهاتنى ترەمپ جارێکى دیکە ئەوە بەخۆیەوە نەبینێتەوە.

هەندرێن وەرتى، سەرۆکى سەندیکاى زێڕەنگەرانى هەولێر بە 964ـى وت،”هەموو ساڵێک کۆمپانیاکان بەر لەسەرى ساڵ حساباتى خۆیان رێکدەخەنەوە، بۆیە تا ماوەیەک نرخى زێڕ بەرەو جێگیرى دەڕوات و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەى زۆر بەخۆیەوە نابینێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ جگە لەوە، کەوتنى ئەسەد و لاوازکردنى حیزبوڵا و خاوبوونەوەى گرژییەکانى ئیسرائیل و فەلەستین، هۆکارێکى دیکەى بوون بۆ جێگرى نرخى زێڕ”.

وەرتى پێشبینى دەکات، بە هاتنى ترەمپ لە 2025 دا، بەهاى زێڕ روولە دابەزین بکات، چونکە مەیلى ترەمپ بەلاى بازاڕى دراوى ئەلیکترۆنییە کە لە مامەڵەکاندا شوێنگرەوەى زێڕ دەبن، بەڵام وەک دەڵێت: دابەزینى زێڕ چەند مانگێک دەخایەنێت و زێڕ لەو جۆرە کانزایە نییە کە بەهاى خۆى لەدەست بدات”.

ئەمڕۆ شەممە 28.12.2024، نرخى یەک ئۆنسەى زێڕ لە بازاڕى جیهانیدا بە 2622 دۆلار مامەڵەى پێوە دەکرێت.

سەندیکاى زێڕنگەرانى هەولێر، بۆ ئەمڕۆ نرخى زێڕى بەم شێوەیە دیارى کردووە:

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 645 هەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 22 بە 590 هەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 565 هەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 485 هەزار دینارە.

یەک ئۆنسە زێڕ 30 گرام و 100 سەنتە، بەو پێیەى هەر مسقاڵێک زێڕ پێنج گرامە، بەمە یەک ئۆنسە 6 مسقاڵ و 250 گرام زێڕە.

"زێڕ بەرزە و خەڵک ناچار نەبێت نایکڕێت"