جامی كەنداو
عێراق جگە لە بردنەوە لە سعودیە هیچ بژارەیەكی نییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ لە بەردەم یەك بژارەیە لە جامی كەنداو، ئەگەر بیەوێت بگاتە قۆناغی پێش كۆتایی، ئەویش بردنەوەیە لە هەڵبژاردەی سعودیە
ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی سێیەمی قۆناغی یەكەمی جامی كەنداوی 26، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی دووەم رووبەڕوو دەبنەوە.
هەردوو تیپ هەریەكەی سێ خاڵیان هەیە و سعودیە بە جیاوازی گۆڵێك لە پێش عێراقەوەیە.
یارییەكە كاتژمێر 5:30 لە یاریگەی جابر ئەحمەد لە كوێت بەڕێوەدەچێت و لە هەمان كاتدا یاریی بەحرێن و یەمەنیش دەكرێت، كە لە هەمان كۆمەڵەدان.
لە كۆمەڵەی دووەمدا بەحرێن بە پلەی یەكەم گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی، دوای بردنەوەی لە سعودیە بە 3-2 و عێراق بە 2-0 گۆڵ.
بلیتەكەی دیكەی كۆمەڵەی دووەم لە نێوان عێراق و سعودیەیە و چاوەڕێ دەكرێت بەهێزترین یاریی پاڵەوانیەتییەكە بەڕێوەبچێت.
عێراق، كە پاڵەوانی وەشانی رابردووی جامی كەنداوە، ئەمجارە بە ئاستێكی باش دەرنەكەوتووە، هەرچەندە ماوەیەكی باشی خۆئامادەكردنی هەبوو، هەروەها یاریزانی پیشەگەر و ناوخۆیی زۆرباشی لە تیپەكەدا كۆكردووەتەوە، بەڵام لە یاریی یەكەم بە زەحمەت بە 1-0 گۆڵ لە یەمەنی بردەوە، دواتریش بە 0-2 گۆڵ بە یەمەن دۆڕا.
هەرچی هەڵبژاردەی سعودیەیە، وەزعی لە عێراق باشتر نییە و سەرەڕای گۆڕینی راهێنەرەكەی و بەشداریكردنی بە پێكهاتەیەكی بەهێز، بەڵام لە یاریی یەكەم بە 2-3 بە بەحرێن دۆڕا و دواتر بە 3-2 گۆڵ بە هەزار حاڵ لە یەمەنی بردەوە.
ئامارەكانی نێوان هەردوولا
بە پێی ئامارێك هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە لەوەتەی ساڵی 1975 تا ئێستا 35 یارییان بەیەكەوە كردووە، عێراق 16 بردنەوەی هەیە و سعودیە 12، لە 7 یارییشدا یەكسان بوون لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا.
گەورەترین بردنەوەی عێراق بە 7-1 گۆڵ بووە لە 1976 لە جامی كەنداوی 4، گەورەترین بردنەوەی سعودیە بەسەر عێراق بە 3-1 گۆڵ بووە لە یارییەكی دۆستانە لە 1985، كە لە سعودیە كراوە.
یارییەكانی نێوان هەردوولا هەموو كات بەهێز و پڕ ركابەریی بووە و جۆرێك لە هەستیارییش لە نێوانیاندا هەیە، لە دواسێ یاریی نێوانیشیاندا عێراق دوو جار براوە بووە و یارییەكیش یەكسان بوون، لە دوایاریی نێوانیشیاندا عێراق لە جامی كەنداوی رابردوو لە بەسڕە، بە 2-0 گۆڵ بردنەوەی تۆمار كرد.
هۆکاری بەشدارینەکردنی ئاسۆ رۆستەم لە جامی کۆماری ئاشکرا بوو
جامی کەنداو
پاڵەوان وەك پێویست دەرنەكەوت
جامی كەنداوی 26: عێراق بە زەحمەت لە یەمەنی بردەوە
جامی كەنداوی 26
ئایا ئەمڕۆ عێراق لە یەمەن دەباتەوە؟
سودانی فەرمانی دا
یارییەكانی جامی كەنداو لە كەناڵە عێراقییەكان بە خۆڕایی پەخش دەكرێن
سودانی بۆ رۆژنامەیەكی ئیسپانی: