دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
باسی ژنەکەی ماکرۆنی کرد
ترەمپ گاڵتەی بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆكی فەرەنسا كرد
ئهرسهلان عهبدوڵا
سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ دوای گاڵتەکردن بە کیێەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، رەخنەشی لە هەڵوێستی بەریتانیا سەبارەت بە قەیرانەکان لەگەڵ ئێران گرت، هەروەها رەخنەی لە سەرۆكی فەرەنساش گرت.
لە بۆنەیەكدا، ترەمپ بە گاڵتەجاڕییەوە لاسایی ستارمەری كردەوە و رەخنەی لە دوودڵییەكانی گرت لە بڕیاردان لەسەر ناردنی كەشتی فڕۆکەهەڵگری بەریتانیا بۆ ناوچەی شەڕ و كەشتییەكەی بە “کۆن و وێرانبوو” وەسف کرد.
ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە، بەریتانیا “دەبێت هاوپەیمانێکی باشتر بێت” و ئێستا پشتیوانییەکی کەمی بەریتانیا بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەستی پێدەکرێت.
ئەم هێرشە بەشێکە لە زنجیرەیەک رەخنەی دووبارە، کە ترەمپ بەرامبەر ستارمەر گرتوویەتییەبەر، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەریتانیا رەتیکردەوە وڵاتەکەی بخزێتە ناو ململانێیەکی ئاشکرا لەگەڵ تاران، لە کاتێکدا کە گرژییەکانی ناوچەکە پەرەی سەندووە.
ترەمپ پێشتر لە تواناکانی هێزی دەریایی بەریتانیاشی کەمکردبووەوە، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی بە “یاری” وەسف کرد کە لەگەڵ ستانداردە پێویستەکاندا ناگونجێن.
لێدوانەکانی ترەمپ تەنیا لە گۆڕەپانی بەریتانیادا سنووردار نەبوون، بەڵكو سەرۆكی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆنیشی کردە ئامانج، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە گاڵتەی بە کەسایەتیی ئەو سەرۆكە كرد، ئاماژەی بە رووداوێکی مشتومڕاویش لەگەڵ بریجیت ماکرۆنی هاوسەری کرد، بەمەش قسەكانی ترەمپ لە بارەی ماكرۆنەوە بووە جێی سەرسوڕمان و رەخنە لە بازنەکانی سیاسیدا.