پەیامنێرمان زانیاری دەستکەوتووە

دابەشکردنی بەنزینیی حکومی لە کەرکوک بە “کاتی” راگیراوە


کاروان ساڵحی-کەرکوک

پەیامنێری 964 لە کەرکوک رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی دابەشکردنی بەنزینی حکومی لە سەرجەم بەنزینخانەکانی ناو شاری کەرکوک راگیراوە.

لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.12.2024 کێشەی تەکنیکی لە پرۆگرامی بارکۆردی ئەلیکترۆنی دابەشکردنی بەنزینی حکومی دروست بووە و بەهۆیەوە عەدادەکانی بەنزین، دابەشکردنی بەنزینیان راگرتووە.

سەرچاوەیەک لە بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بە مەرجی ناو نەهێنان قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، پڕۆگرامی  خویندنەوەی بارکۆدی ئەلیکترۆنی لە هەموو وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزین لە پارێزگای کەرکوک لە کارکەوتووە.

ئەو هۆکارەکەی بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندەوە و باسی لەوەکرد، پڕۆگرامەکە لە بەغداوە دەبێت کاری تێدا بکرێ، دوای چاککردنەوەی دەست دەکرێتەوە بەدابەشکردنی بەنزین بە زووترین کات.

ئێستا رۆژانە لە کەرکوک و لە 22 بەنزینخانە حکومی، بەنزین بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک دابەش دەکرێت، بەقەزا و ناحییەکانەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا