
کارکردنی گەنجە خۆبەخشەکان لە کەورگۆسک فۆتۆ: سۆشیال میدیا
“له بری حكومه‌ت خۆیان چال و تاسه‌كان پڕده‌كه‌نه‌وه”
964+
سه‌عید محه‌مه‌د – هه‌ولێر
بەشێك لە گەنجانى كەورگۆسك، بەخۆبەخشی تاسە و چاڵه‌كانى شه‌قامێكی سه‌ره‌كى ناحیه‌كه‌یان به چیمه‌نتۆ پڕدەكەنەوە.
دڵشاد هەركی، یەكێك لە گەنجە خۆبەخشەكانە، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بەهاوكاری ژمارەیەك گەنج كاری پڕكردنەوەی چاڵ و تاسەكانی شەقامی سەرەكی ناحیه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌وان لەسەر حیسابی خۆیان بایی 100هەزار دینار چیمەنتۆ و لم و چەویان كڕیوە، تاسەكان پاكدەكەنەوە و پاشان بە چیمەنتۆ پڕی دەكەنەوە.
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، تا ئێستا ئه‌و گه‌نجانه زیاتر لە پەنجا چاڵ و چۆڵیان لە شەقامی سەرەكی كەورگۆسك پڕكردووەتەوە.
شەقامی سەرەكی كەورگۆسك، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای خەباتەوە دوورە، شه‌قامێكی دوو سایدە و بەشێكی زۆر بەهۆی تاسە و چاڵەوە خراپ بووە.