ئاگایان لە ترافیکەکان بێت

هاتوچۆی سۆران قوتابخانە و باخچەی منداڵان هۆشیار دەکەنەوە

ژوولی عەدنان

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران قوتابخانە و باخچەی ساوان دەگەڕێن و تیمێکیان پێکهێناوە منداڵان هۆشیار دەکەنەوە، هێماکانی هاتوچۆیان پیشان دەدەن و فێریان دەکەن چۆن لە شەقامەكاندا بپەڕنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران لە راگەیاندراوێکدا کۆمەڵێک چالاکی خۆیان بڵاوکردووەتەوە، تێیدا قوتابخانە و باخچەی منداڵانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هۆشیار دەکەنەوە و ئاشنایان دەکەن بە هێماکانی رێگاوبان و هاتوچۆ.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ”بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی سۆران بە یارمەتی هاتوچۆی قەزاکانی رواندز، چۆمان، مێرگەسۆر و خەلیفان بە شێوەی سیمینار رینماییەکان بە منداڵانی قوتابخانە و باخچەکانی منداڵان دەڵێنەوە”.

وەک لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە کە سەلامەتی منداڵان ئامانجی ئەوانە، بۆیە بە شێوەی سیمینار و لە رێگەی داتاشۆوە قوتابیان رێنوێنی دەکەن.

وەک خۆشیان دەڵێن سیمینارەکان پێدانی رێنمایی هاتوچۆ و ئاشناکردنی قوتابیان بە هێمایەکانی هاتوچۆ و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ترافیک و شەقامەکانە.