نۆژەنکردنەوەی مەرزی باشماخ بەردەوامە
بەفر و سەرما دوایخستوون
مەرزی باشماخ لە سەدا 92 ی نۆژەنکردنەوەی تەواو بووە
964+
ژوولی عەدنان
دەروازەی نێودەوڵەتيی مەرزی باشماخ نۆژەنکردنەوەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت و لە سەدا 92 ی کارەکانی تەواو بوون، راگەیاندنی مەرزەکە دەڵێت، بەهۆی سەرمای زۆر و بەفربارینەوە نەتوانراوە زووتر کارەکان رابپەڕێنن.
مەریوان كەریم بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەروازەكە، بە 964ی وت، ”کاری نۆژەنکردنەوەکە بەشی سەرەوە، واتا دەروازەی هاتنی مەرزی باشماخ دەگرێتەوە و نۆژەنکردنەوەکەش تەنیا لەسەدا هەشتی ماوە تەواوبێت”.
وتیشی، ”لە مانگی 10 دەستیان بە نۆژەنکردنەوە کردووە، بەڵام بەهۆی سەرمای زۆری ناوچەکە و بەفربارین کارەکان رادەگیران، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی، بەڵام چەند هەفتەیەکی دیکە هەمووی تەواو دەبێت”.
باسی لەوەش کرد، دەروازەی هەموو شوێنیک گرنگی خۆی هەیە بە تایبەتی دەروازە نێودەوڵەتییەکان، دەروازەی باشماخیش ”پێناسەی شارستانی کوردستان دەکات لەم سنوورەدا”.
”کارەکان لە پێناو خزمەتردنی گەشتیاران و هاوڵاتیان و شۆفێران و بازرگانانە، بەوپێیەی دەروازەکە لە باشماخەوە مەرزی کوردستان – ئێرانە”.
مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، یەكێكە لە چوار مەرزە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان و قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و بە یەكێك لە دەروازەی گرنگەكانی سەرچاوەی داهاتی هەرێم دادەنرێت.