ئاوی پاكی خواردنەوە گەیەندرایە گەڕەكی كارگەی جگەرە
لە هەولێر
ئاوی پاكی خواردنەوە گەیەندرایە گەڕەكی كارگەی جگەرە
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ خانووەکانی ناو گەڕەكی کارگەی جگەرە لە شاری هەولێر جێبەجێ کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 24.12.2024 رایگەیاند، کێشەی کەمئاوی و گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیان لە گەڕەكی كارگەی جگەرە جێبەجێ كرا.
بەڕێوەبەرایەتییەكە روونیكردەوە، پڕۆژەی درێژکردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ خانووەکانی کارگەی جگەرە لەلایەن تیمێك لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر جێبەجێ كرا، كە لە پڕۆژەكەدا بۆریی جۆری پۆلی ئەسیلین قەبارە 110 ملم بە درێژی 315 مەتر بەکار هاتووە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، بودجەکەی كارەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دابین کراوە، بەڵام ئاماژەیان بە بڕەكەی نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە 110 هاوبەشی ئاو لێی سوودمەند بوون و ئیتر كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوەیان چارەسەر دەبێت.
گەڕەكی كارگەی جگەرە یەكێكە لە گەڕەكە كۆنەكانی هەولێر و پێشتر كارگەی جگەرەی لێ بوو، كە دەكەوێتە سەر رێگای هەولێر – پیرمام.