222 ملیۆن دینار بۆ تووشبوانی شێرپەنجەی کەرتی پەروەردە کۆکراوەتەوە
964+
توانا نەقی
لە رۆژی جیهانی شێرپەنجەدا، پەروەردەی سلێمانی زیاتر لە 222 ملیۆن بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی کەرتی پەروەردە کۆ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ 4ی شوبات، رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە و جگە لە ئەو ئامارانەی راگەیەندراوە، لەبارەی ئاماری توشبوون بە شێرپەنجە پەروەردەی سلێمانیش، توشبوونی ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکار و فەرمانبەری راگەیاند.
لە سنوری پەروەردەی سلێمانی نزیکەی 370 مامۆستا و خوێندکار توشبووی شێر پەنجەن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، زیاتر لە 222 ملیۆن دیناریان بۆ ئەو توشبووانە کۆکردوەتەوە.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، 164 مامۆستا، 53 فەرمانبەر 152 خوێندکار توشبوو بە شێرپەنژە لە سنوری پەروەردەی سلێمانیدا هەیە.
وتیشی، بۆ هاوکاری ئەو توشبوانەی شێرپەنجە، بڕی 222 ملیۆن 747 هەزار دینار کۆکردووەتەوە لە ناوەندەکانی پەروەردەدا.
پەروەردەی سلێمانی، خاوەنی هەزار و 406 خوێندنگا و 374 هەزار و 328 خوێندکارە و 39 هەزار و 765 مامۆستاو فەرمانبەریشی هەیە.
“لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم ئەو بڕە پارەیەی کە کۆکراوەتەوە دابەشدەکرێت بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی توشبووی شێرپەنجە وەک هاوکاری خێزانی پەروەردە بۆ ئەوان”، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، وای وت.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە، بە پێی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستاندا رێژەی توشبوون لە هەڵکشاندایە و چەندان هۆکار بە تەشنەسەندنی شێرپەنجە خراوەتەڕوو.