ماستی گامێشی کانی مارانە.. دەستودیارییە نایابەکەی خەڵکی بتوێن
ڤیدیۆ
میدیازان – ژێوار خدر – راپەرین
لەنێو ماستە کوردییەکاندا ماستی گامێشی کانی ماران یەکێکە لە پڕفرۆشترین ماستەکان، ئەگەر لەسەر سفرەی خوانی بەیانیانی هەر خێزانێک ماستی گامێشی کانی ماران هەبێت ئەوا خوانێکی خۆشیان بەڕێکردووە.
بەهۆی شارەزایی دانیشتووانی گوندی کانی ماران لە ئاژەڵداریدا، ماستی گامێشی گوندەکە نێوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئێستا دیارترین دەستودیاری خەڵکی بتوێن ماستی گامێشی کانی مارانە.
نزیکەی ٪٦٠ی دانیشتووانی گوندی کانی ماران بە بەخێوکردنی گامێشەوە خەریکن و بژێوی ژیانیان لەسەر بەرهەمی شیری گامێشەکانیانە، ماست و پەنیر و دۆی لێدروست دەکەن.
خاڵە مەولود چل ساڵە لە گوندی کانی ماران بەرهەمی خۆراکی بەیانیان دەفرۆشێت، لای ئەو ماستی گامێشی کانی ماران زۆرترین فرۆشی هەیە، دەڵێت لە وەرزی بەهاردا گامێشەکان بەرهەمیان زۆرترە.
“لە وەرزی بەهاردا گامێشەکان زاوزێ دەکەن و شیریان زیاتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی ماستەکەی، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین بەهۆی کەمبوونەوەی شیر نرخەکان بەرز دەبنەوە، بەجۆرێک ئەگەر پێشوتر نرخی یەک سەتڵ ماست ٨ هەزار دینار بووبێت ئەوکات بەرز دەبێتەوە بۆ ١٢هەزار دینار،” خاڵە مەولود بە میدیازانی وت.
بە وتەی فرۆشیارانی گوندەکە، زۆربەی کڕیارەکانی ماستی گامێش لە دەرەوەی کانی مارانەوە دێن و زۆر جار ماستی کانی ماران بەدیاری دەبەن بۆ دۆست و کەس و کاریان، لە وەرزی هاوین و کاتی پشووەکاندا فرۆشیان زیاترە ئەوەش لەبەرئەوەیە کە لەو کاتانەدا خەڵکی زیاتر دەگەڕێن و رێیان دەکەوێتە سەر ئەو گوندە.
گوندی كانی ماران، نزیكەی ٥۰۰ ماڵ دەبێت و لەڕووی ئیدارییەوە سەربە قەزای حاجیاوایە و دەکەوێتە سەر رێگای سلێمانی – رانیە.