لە هەولێر

ئەو شۆفێرەی بە کڵاشینکۆف تەقەی لە شۆفێرێکی تر کرد دەستگیرکرا

شۆڕش قادری

لەناو کۆڵانێکی گەڕەکی نازناز لە هەولێر شۆفێرێک ئاوقای شۆفێرێکی تر دەبێت و بە کڵاشینکۆف تەقەی لێدەکات و برینداری دەکات، پۆلیس دەڵێت، تەقەکەرەکە دەستگیر کراوە.

کارزان ساڵح بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر بە 964ـی وت، “لە گەڕەکی نازناز کێشە و دەمەقاڵێ لە نێوان دوو شۆفێر لە کاتی رۆیشتنیان لەسەر شەقام دروست بووە و دواجار لەناو کۆڵاندا ئۆتۆمبێلەکانیان راگرتووە و توندوتیژی دروست بووە”.

“دواتر یەکێک لە شۆفێرەکان دابەزیوە و بە چەکی جۆری (کڵاشینکۆف) تەقەی لەوەی تر کردووە و برینداری کردووە، جگە لەوەش زیان بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە”، کارزان ساڵح وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەقەکەرەکە بەناوی (س، ف، ع) دەستگیر کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بۆیە رادەستی دادگا کراوە.