36 گوندی چەمچەماڵ کارەبایان نییە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

36 گوندی سنووری قەزای چەمچەماڵ تا ئێستا کارەبایان بۆ نەچووە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای چەمچەماڵیش دەڵێت: هەندێک لەو گوندانە رێنمایی راکێشانی کارەبا نایانگرێتەوە.

بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، هەر گوندێک لە چوار ماڵ کەمتری تێدا بێت بە شێوەی جێگیر، کارەبای بۆ راناکێشرێت.

ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ بە تۆڕی964ی راگەیاند: ئەو 36 گوندە بەشێکیان دوو ماڵ یان سێ ماڵیان تێدایە، بەشێکیشیان لەسەرو ئەو ژمارەیەوەن بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارەبایان بۆ رانەکێشراوە.

تۆڕی964 دەزانێت: لە سنوری قەزای چەمچەماڵ 435 گوند بوونیان هەیە، 30 گوندیان چۆڵ کراون و 369 گوندیشیان کارەبایان بۆ راکێشراوە.

هەفتەی رابردوو گوندی کۆزەبۆرە لە هەمان سنوور بۆ یەکەمجار کارەبای بۆ راکێشرا.

“بە گوژمەی 140 ملیۆن دینار و لەسەر داهاتی 8٪ـی وەزارەتی کارەبا پڕۆژەکە ئەنجام درا”، ئەردەڵان محەمەد وای وت.