براكەی بەشار ئەسەد
“ماهیر ئەسەد پێش ئەوەی بگاتە مۆسكۆ لە عێراق بوو”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ هەینی زانیارییەكی نوێ سەبارەت بە چۆنیەتیی دەرچوونی ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد و فەرماندەی هێزی چوارەمی زریپۆشی سەربازی سوریا لە وڵاتەكەی ئاشكرا كرا، پێش ئەوەی بگاتە مۆسكۆی پایتەختی روسیا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سێ لە یاریدەدەرەكانی ماهیر ئەسەدەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، كە بەشار ئەسەدی سەرۆكی لەكارلادراوی سوریا تەنانەت ماهیری براشی ئاگادار نەكردووەتەوە كاتێك سوریای جێهێشتووە.
یەكێك لە یاریدەدەرەكانی ماهیر ئەسەد بە ئاژانسەكەی وتوە، ماهیر بە كۆپتەرێك بەرەو عێراق رۆیشت و دواتر روویكردووەتە روسیا.
لەگەڵ كەوتنی بەشار ئەسەد، هەندێك سەرچاوەی هەواڵی نافەرمی ئەوەیان باس كرد ماهیر ئەسەد و هەزار كەس لە سەربازانی سوریا هاتوونەتە عێراق، بەڵام كەس پشتڕاستی نەكردووە، بە تایبەتی سەبارەت بە خودی ماهیر.
ماهیر ئەسەد لەدایكبووی 1967، برای بچووكی بەشار ئەسەدە و دوو ساڵ لە ئەو بچووكترە، فەرماندەی پێشووی پاسەوانی كۆماری و دواپۆستیشی فەرماندەی هێزی چوارەمی زریپۆش بوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەسەد هەردوو كوڕە خاڵەكانی “ئەیهاب و ئەیاد مەخلوف”یشی جێهێشت، پێش ئەوەی دیمەشق بكەوێتە دەست هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، هەروەك بەرپرسێكی سوری و بەرپرسێكی ئەمنیی لوبنانی بە رۆیتەرزیان وتووە.
ئەوەشیان وتووە، دوو كوڕە خاڵەكەی ئەسەد بە ئۆتۆمبێل بەرەو سنووری لوبنان رۆیشتوون، بەڵام لە رێگە كەوتوونەتە بۆسەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن و تەقەیان لێكراوە، ئەیهاب كوژراوە و ئەیادیش بریندار بووە، هەرچەندە هێشتا بە فەرمی مردنی هیچ یەكێك لەوانە پشتڕاست نەكراوەتەوە و ئاژانسەكەش نەیتوانیوە بگاتە پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان.