"کارکردنمان پێکەوە بەردەوام دەبێت"
ئەمریکا پشتگیری خۆی بۆ هەسەدە دووپات کردەوە
964+
توانا نەقی
لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپەکانی پاڵپشتی تورکیاوە دەکرێتە سەریان، ئەمە قسەی وەزیری بەرگری ئەمریکایە بۆ هیزە کوردیەکانی رۆژئاوا.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا بەردەوامیی دەدات بە شتگیری کردن و کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات چونکە ئەوان هاوپەیمانێکی باش بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعش.
دەشڵێت، ئەوان چاودێری وردی دۆخی سوریا دەکەن و هەروەها هەرهێرشێکێش بکرێتە سەر کوردەکان ئەوان هاوپەیمانی کورد دەبن لە سوریا.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) کارکردنیان بەردەوامە و پەیوەندیەکی باش لە نێوانیان هەیە هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، رایدەگەیاند کە بە نێوەندگیرى ئەمەریکا لە مەنبەج ئاگربەستکراوە.
مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاوى کردەوە، لە کاتێکدا بەرخۆدانی شەڕڤانانیان لە شاری مەنبەج بەردەوامە بۆ راگرتنی فراوانبوونی هێرشەکان لە رۆژئاوای فوراتەوە، بە نێوەندگیری ئەمریکا گەیشتوینەتە رێککەوتنی ئاگربەست لە مەنبەج، لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی.