بەرێوەبەری پۆلیسی دۆمیز هەڵیگرتووتەوە

منداڵێکی تازە لەدایک بوو فڕێدراوە و ئەوە سێیەم حاڵەتی فرێدانی منداڵە لە کەرکوک

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوو مانگ و 10 رۆژ لەمەوپێش منداڵێک لەسەر زبڵدانێکی شاری کەرکوک فڕیدرا و دوای ئەوەی موختاری گەڕەکەکە بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دۆمیزی لێ ئاگاداردەکاتەوە، بەڕێوەبەری بنکەکە بۆ جێبەجیکردنی رێکارە یاساییەکان منداڵەکە لای خۆی دەهێڵێتەوە و ئێستاش دەیەوێت بەیەکجاری منداڵەکە بگرێتە خۆی و بەشێوازێکی یاسایی منداڵەکە بکات بە یەکێک لە ئەندامامی خێزانەکەی.

ئەمە سێیەمین حاڵەتی فڕێدانی منداڵە کە ئەمساڵ لە پارێزگای کەرکوک تۆمار کرابێت و زیاتر لە دوو هەزار خێزانیش ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی منداڵی بێ دایک و باوک و فڕێدراو.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، رۆژی 29ـی ئەیلول لە سەر زبڵدانێکی گەڕەکی ئیسراو مەفقودین منداڵێکی تازە لەدایک بوو فرێدراوە، دوای ئەوە موختاری گەڕەکەکە، دستبەجێ بنکەی پۆلیسی دۆمیزی لێ ئاگادارکردووەتەوە.
سەرچاوەکە وتیشی، عەقید بەهێز فەتاح باوایی بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دۆمیز منداڵەکەی لەخۆگرتووە و وەک منداڵەکانی خۆی بۆ ماوەی 70 رۆژ بەخێوی کردووە،  بەڵام دوێنی بەهۆی رێکارە یاسایەکانەوە منداڵەکەی رادەستی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک کردووە، ئێستاش ئەو ئەفسەرە سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکانە بۆ لەخۆگرتنی منداڵەکە بەیەکجاری.

موعتەسەم عەزیز بەرێوەبەری بەشی منداڵە نەبەکامەکان لە نەخۆشخانەی منداڵان بۆ 964 وتی، بارودۆخی تەندروستی ئەو منداڵە زۆر باشە، لەماوەی ئەم ساڵ ئەوە سێیەم حاڵەتی فڕێدانی منداڵە، کە ئێمە بەنوسراوی فەرمی دادگای کەرکوکمان لێ ئاگادار کردووەتەوە.

پارێزەر هیبە عەدنان لە دادگای کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، تاکو ئێستا دوو هەزار و 100 خێزان ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ بەخێوکردنی منداڵی فرێدراو و بێ سەرپەرشت.

روونیشێکردەوە، رێکارە یاساییەکان زۆر قورسن بۆ لەخۆگرتنی منداڵ و پێویستە ئەو خێزانەی منداڵەکە بەخێودەکەن، تاپۆی خانوویان  هەبێت وکرێچی نەبن، هەروەها باری داراییان جێگیر بێت و هیچ کێشەیەکی دەروونی و خێزانییان نەبێت و چەندین مەرجی دیکەش کەپیویستە هەموویان جێبەجێ بکەن.

پەیامنێری 964 دەڵێت، لە پارێزگای کەرکوک خانەی بێسەرپەرشتان هەیە بەڵام توانای وەرگرتنی منداڵی ساوای نییە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لە کەرکوک منداڵێکی ساوای فڕێدراو دۆزرایەوە

لە کەرکوک منداڵێکی ساوای فڕێدراو دۆزرایەوە