وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی وەڵام دەداتەوە

چارەنووسی لیرەی سوری بەرەو کوێ؟

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەهای لیرەی سوری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و شارەزایانی بازاڕی دراویش پێیانوایە، پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوو گۆڕانکاری بەسەردابێت و رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە 964ـی وت، “دوای کەوتنی بەشار ئەسەد لیرەی سوری بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەر ملیۆنێک لیرە بۆ زیاتر لە 100 هەزار دینار بەرزبووەتەوە”.

باسی لەوەشکرد، لەئێستادا کڕینی لیرەی سوری مەترسییە، لەبەرئەوەی وێنەی حافز ئەسەدی لەسەرە و گومان دەکرێت هەمان سیناریۆی دیناری عێراقی بەسەر لیرەی سوریشدا دووبارە ببێتەوە کە دوای لەناوچوونی رژێمی بەعس لە عێراق، بەسەر دراوی 25 هەزاریدا هات و ئەو پارانەی لەدەرەوەی وڵات بوون، وەرنەگیرانەوە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری