لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆوە
لیژنەی نۆبڵ پەیوەندی بە نێرگز محەمەدییەوە دەکات
964+
ژووری هەواڵ
نێرگز محەمەدی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە بە شێوەیەکی کاتیی لە زیندان ئازادکراوە، لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە قسەی لەگەڵ لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ کردووە.
لە پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەدا، نێرگز محەمەدی چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بەبێ سەرپۆش دەرکەوتووە و باس لەو ساتەوەختە دەکات، کە لە گرتووخانەی ئەوین لە تاران پێیان راگەیاندووە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بۆ ساڵی 2023 بەدەستهێناوە.
نێرگز محەمەدی لە پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەدا، کە لیژنەی نۆبڵ لە ئێکس و ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکات و دەڵێت، ئەوکاتەی هەواڵەکە بڵاوبووەوە، لە بەشی ژنانی زیندانی ئەوینەوە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”ـیان دەگوتەوە.
نێرگز محەمەدی، کە لە مانگی 11ـی 2021ـەوە لە زیندانە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە هۆکاری تەندروستی و بۆ ماوەی سێ هەفتە ئازادکرا. لەکاتێکدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی داوادەکرێت بە هەمیشەیی بەبێ مەرج لە زیندان ئازادبکرێت.