![وەستا یونس؛ نیوسەدە ژیان لەگەڵ چەقۆدا](https://ku.964media.com/storage/2022/10/IMG_5577-1024x768.jpg)
وەستا یونس؛ نیوسەدە ژیان لەگەڵ چەقۆدا
میدیازان –رێژوان مامە – سلێمانی
پیاوێکی بەتەمەن، لەژێرزەمینی یەکێک لە شەقامە کۆنەکانی شاری سلێمانیدایە و نزیکەی نیو سەدەیە سەرقاڵی چەقۆسازییە. ئەو وەستا یونسی حاجی عەبدولخالقە، کە لە حەوت پشتییەوە لەگەڵ چەقۆ ژیاون، بەڵام پیشەکە لەودا کۆتایی دێت و منداڵەکانی ئامادە نین ئەو کارە بکەن.
وەستا یونس لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٤ـی تەوێڵەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. بە میدیازانی راگەیاند: لە کۆتایی ساڵی شەستەکانەوە چووەتە محەلی وەستایانی تەوێڵە، کە بەناوی باپیرانی ئەوەوە بووە و لەوێ فێری پیشەکە بووە. دواتر ساڵی ١٩٨١ هاتووەتە شاری سلێمانی و دەڵێت: “لە حەوت پشتمەوە ئەو پیشەیەم وەرگرتووە. بەڵام بەداخەوە پیشەکە لە مندا کۆتایی دێت، چونکە کوڕێکمم فێر کرد و دواتر ئامادە نەبوو بەردەوامیی پێ بدات.”
وەستا یونس لەو ساڵەوە کا هاتووەتە سلێمانی، لە ژێرزەمینێکی بازاڕی ئاوێسەر لە شەقامی بەرخانەقا درێژەی بە کارەکەی داوە.
“هەموو جۆرە چەقۆیەک دروست دەکەم. ئاژەڵدار و باخەوانەکان کڕیارە سەرەکییەکانی منن. لە ئەمەریکا و وڵاتانی دەرەوە و شارەکانی تری کوردستانیشە کڕیارم هەبووە”، وەستا یونس وای وت.
وەستا یونس ٩ منداڵی هەیە، سێ کوڕ و شەش کچ، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، منداڵەکانی یەکلاییان کردووەتەوە ئەو ئیشە ناکەن و دوای خۆی چیتر بەردەوامی نابێت.
وتیشی: “چەقۆکان لە دەمی مشار و پۆڵا و هەندێ پارچەی وەک وەرەقی ئۆتۆمبێل دروست دەکرێن، لە ڕێگەی کورە و ئەو ئامێرانەی لەبەردەستمدان چەقۆی جۆراوجۆر دروست دەکەم. نرخیان لە شەش هەزارەوە تا دە هەزار بەرز دەبێتەوە، هاوکات چەقۆش تیژ دەکەمەوە و بژێویی خێزانەکەمی پێ دابین دەکەم.”
![](https://krd964.wpengine.com/wp-content/uploads/2022/10/IMG_5561-1024x768.jpg)
![](https://krd964.wpengine.com/wp-content/uploads/2022/10/IMG_5561-1-1024x768.jpg)
![](https://krd964.wpengine.com/wp-content/uploads/2022/10/IMG_5562-1-1024x768.jpg)
![](https://krd964.wpengine.com/wp-content/uploads/2022/10/IMG_5562-1024x768.jpg)