لەگەڵ یەكێتییە پیشەسازییەكانیش

ئەمڕۆ ژوورە بازرگانییەكانی كوردستان و عێراق كۆدەبنەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا، ژوورە بارزگانییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كۆببنەوە، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەی رێگریكردن لە كارگەكانی كوردستان، كە رێگەنادرێت بەرهەمەكانیان بگەیەننە بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 7.12.2024 لە لێدوانێكی تایبەتدا بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، لەگەڵ سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و شاندێك لە هەرێمی كوردستان، لە بەغدا كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی عێراق دەبێت و گفتوگۆ لە بارەی چەند بابەتێكی پەیوەست بە بازرگانی دەكەن.

وتیشی، یەكێك لە بابەتەكانی گفتوگۆیەكانمان، چارەسەركردنی پرسی رێگریكردنە لە كۆمپانیا و كارگەكانی كوردستان، كە رێگەیان پێنادرێت بەرهەم و كاڵاكانیان ببەنە بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

“هەوڵدەدەین بگەینە ئەو چارەسەرەی كارگەكانی كوردستان تەنیا لە هەرێمی كوردستان خۆیان تۆمار بكەن و لە بەغدا تۆماری نەكەن، هەروەها ئەو كارگانەی تا ئێستا خۆیان تۆمار نەكردووە، هەر لە كوردستان خۆیان تۆمار بكەن”، گەیلان حاجی سەعید وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لەگەڵ یەكێتیی ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەكانی عێراق پەیوەندییان باشە و لەگەڵ ئەوانیش کۆبوونەوە و گفتوگیان دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت بەو پەیوەندییە باشەی هەیانە، كێشەكانیان چارەسەر بكەن و بگەنە رێككەوتنێك بۆ ئەوەی كارگەكانی كوردستان بەرهەمەكانیان بگەیەننە هەموو ناوچەكانی عێراق و ئاسانكاری بۆ هەمووان دروست بكرێت.

ماوەیەكە حكومەتی عێراق رێگە نادات كۆمپانیا و كارگەكانی كوردستان بەرهەم و كاڵاكانیان بگەیەننە بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە بیانووی ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی خۆیان لە بەغدا تۆمار نەكردووە.