باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق سبەی دەوام دەکات

ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی عێراق لە سوریا دەکرێت

شۆڕش قادری

باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە دەکات، دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “سبەی شەممە 7.12.2024 دەوامی فەرمییە و باڵیۆزخانەکەمان لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆ کراوە دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، باڵیۆزخانەکە کاروباری ئەو هاوڵاتیانە رایی دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە عێراق و ئاسانکاریان بۆ دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام هێرشیان کردووەتەسەر چەند شارێکی سوریا و تا ئێستاش پێشڕەوییەکانی ئەو گروپە توندڕەوە بەردەوامە، ئەمڕۆش وەزیرانی هەر سێ وڵاتی عێراق و سوریا و ئێران کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیان لە بەغدا لەسەر دوایین پێشهاتەکانی سوریا ئەنجام دا و پشتیوانی خۆیان بۆ گەل و حکومەتی سوریا دەربڕی.