لە ناو پارکی شاری یاری خورماڵ
نەمامگەیەک لە خورماڵ ساڵانە 25 ھەزار نەمامی گوڵ بەرھەمدەھێنێت
964+
ئەمەل ناجی – خورماڵ
لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستکراوە بە دروستکردنی نەمامگەیەک لە خورماڵ، کە بڕیارە لە رێگەی ئەم نەمامگەیەوە، ساڵانە بیست و پێنج ھەزار نەمام گوڵ بەرھەمبھێنرێت، و ئەم نەمامانەش لە سەوزکردنی ھەریەک لە ناحیەکانی، خورماڵ، بیارە، سیروان، بەمۆ، و شارەدێی تەوێڵەدا بەکاربھێنرێن.
خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەڵەبجە بە 964ی راگەیاند: “بە مەبەستی خۆبژێوی و بەرھەمھێنانی نەمام و شەتڵی گوڵ لە ناوخۆدا، دەستکراوە بە دروستکردنی ئەو نەمامگەیە، لە ناو پارکی شاری یاری خورماڵدا، و بڕیارە تا کۆتایی مانگی دوانزەی ئەمساڵ، پرۆژەکە تەواوبکرێت”.
بە وتەی خێڵان عەبدولڕەحمان، پرۆژەکە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی ھەڵەبجە ئەنجامدەدرێت، و دوای تەواوبوونیشی، ھەر نەمام و شەتڵێک لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، و پێویست بێت، بۆ نەمامگەکە دابیندەکرێت، و ئەگەریش پێویست بێت لە دەرەوە نەمام و شەتڵی گوڵی جیاواز ھاوردەدەکرێت، دواتریش ئەو گوڵ و درەختانەی کە لە نەمامگەکەوە بەرھەمدێن، لە سەوزکردنی ناحیەکانی پارێزگای ھەڵەبجەدا بەکاردەھێنرێن.
ئێستا پرۆژەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، و بەشێک لە پارکی شاری یاری خورماڵ تەلبەند کراوە، و جیاکراوەتەوە، دوو خانووی پلاستیکی تایبەت بە گوڵ و نەمام دانراون، بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە پرۆژەکە تەواوبکرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش