دوو ساڵ لەمەوبەر لە هەمان رۆژدا برایەکى گیانى لەدەست دابوو
چیرۆکى ئەو بوکەى لە جیاتى تاراى سپى، کفنى سپى پۆشى و گیانى لەدەست دا
964+
شۆڕش هەرکی— هەولێر
شەوى 3ـى ئەم مانگە ئاهەنگى مارەبڕینى ئەنجامدا و شەوى رابردووش گیانى لەدەستدا، واتا رێک لە هەمان ئەو رۆژەدا کە دوو ساڵ لەمەوبەر برایەکى گیانى لەدەستدابوو، ئەمە چیرۆکى کچێکى بەحرکەیە پێش ئەوەى بچێتە کەژاوەى زێڕینەوەو تاراى سپى بپۆشێت، کفنى کرد بە تاراى بوکێنى و خۆیى و خەونەکانى چوونە ژێر گڵەوە.
چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە، شەوى دوو لەسەر سێى 12.2024 کچێکى تەمەن 42 ساڵانى دانیشتووى بەحرکەى هەولێر بەناوى (خ.م.ش)، ئاهەنگى مارەبڕینى ئەنجامدا، بەڵام 48 کاتژمێر دواى مارەبڕینى بە نەخۆشى لە ژێر نەشتەرگەرى، گیانى سپارد.
محەمەد ئەسعەد، ئامۆزاى ئەو کچە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دوێنێ چوارشەممە، ئامۆزاکەم دۆخى تەندروستى تێکچوو، بەخێرایى گەیاندمانە نەخۆشخانە و نەشتەرگەرى بۆ ئەنجامدرا، هەرچەندە پزیشکەکان وتیان رێژەى سەرکەوتنى 60%ـە، بەڵام کە چووە ژوورى نەشتەرگەرى، ئیتر نەگەڕایەوە و گیانى سپارد”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، نەشتەرگەرى سەمامەى دڵى بۆ کرا و زیاتر لە 12 کاتژمێر لە هۆڵى نەشتەرگەرى مایەوە و لە کاتژمێر یەکى شەو بە مردوویى لە هۆڵى نەشتەرگەرى هێنرایە دەرەوە.
وەک ئەوەى ئامۆزاى ئەو کچە بۆ 964 گێرایەوە، داخى بنەماڵەکەیان ئەوەیە، کچەکەیان دواى 48 کاتژمێر لە مارەبڕینى لە جیاتى تاراى سپى کفنى سپى پۆشى.
“گیانلەدەستدانى کچەکەمان برینى رووداوێکى دیکەى کولاندینەوە، چونکە رێک دوو ساڵ لەمەوبەر و لە هەمان رۆژ و کاتدا، برایەکیشى کە فەرمانبەرى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بوو، گیانى لەدەستدا بوو”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح