لەسەر دیارنەمانی 900 کەرەڤانە قایمقامی خانەقین دەدرێتە دادگا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لەسەر دیارنەمانی 900 کەرەڤانەی ئاوارەکان و چەندین ئامێری کارەبایی، قایمقامی قەزای خانەقین لە دادگای لێکۆڵینەوەی بەعقوبە بانگهێشت کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 3ی شوباتی 2023، ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە قەزای بەعقوبە فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ دلێر حەسەن قایمقامی خانەقین دەرکردووە.

قایمقامی خانەقین تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلان لە کەیسی دیارنەمانی 900 کەرەڤانەی ئاوارەکان، تۆڕێکی کارەبا کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک ستون، وایەر، محاویلە و دیارنەمانی چەندین خێمە لە کەمپی ئاوارەکانی “وند 1” و “وند 2”.

“بەهۆی بە ئەنقەست زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و ئەو لایەنەی کاری بۆ کردووە، فەرمانی ئامادەبوون لە بەردەم دادگا بۆ قایمقامی خانەقین دەرکرا” بەپێی بەیاننامەکەی دەستەی دەستپاکی.

دلێر حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رۆژی 16/1/2020 وەک قایمقامی قەزای خانەقین دەستبەکار بوو.

فەرمانی بەنگهێشتکردنی دلێر حەسەن پاڵپشت بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە، دەستەی دەستپاکی وا دەڵێت.

بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەر یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنە بگەیێنێت كە كاری تێدا دەكات، ئەوە بە زیندانیکردن سزادەدرێت بە ماوەیەك کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.