گردبوونەوەیەک لە هەولێر ئەنجامدرا
“ئەگەر بەغدا موچە نەنێریت شەقامی بەغدا دەهەژێنین”
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.12.2024 ژمارەیەک ئەندامی دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەولێر گردبوونەوە، ئەوان نامەی ناڕەزاییان دژی نەناردنی موچەی فەرمانبەران دایە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە کۆنسوڵخانەکان.
مەهدی کاکەیی، یەکێک لەو ئەندامانەی دەزگای پێشمەرگە، بە 964ی وت، “ئەگەر بەغدا موچە نەنێرێت شەقامی بەغدا دەهەژێنین، جام کە پڕبوو لێی دەڕژێت، نامەی فەرمیمان لایە و پێشکەشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین و سکاڵامان دژی وەزیری دارایی عێراق تەیف سامی هەیە”.
گۆڤەند نەجمەدین، یەکێکی دیکە بوو لەو کەسانەی لە گردبوونەوەکەیدا بەشدار بوو، كە بەڕێوەبەری لقی هەولێری دەزگاكەیە و بە 964ی وت، ” نازانم تاکەی ئەو زوڵمە قبوڵ دەکرێت، دەمانەوێت بزانین ئێمە هاوڵاتی عێراقیین یان نا”.
وتیشی، “دەتوانین شەقامی بەغداش بهەژێنین، چونکە ئێمە ئۆفیسمان لە بەغدا هەیە”.
دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی چەند ساڵێکە دامەزراوە و لە گردبوونەوەی ئەمڕۆکە نامە و سکاڵای فەرمیان دایە نەتەوەیەکگرتووەکان.
لەگەڵ ئەوەی دەزگاكە لە شەوی رابردوو ئاگادارینامەی بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەكە بڵاوكردەوە و چەند ژمارە تەلەفۆنێكیشی بۆ ئەم مەبەستە دانابوو، بەڵام وەك 964 تێبینیی كرد، ژمارەیەكی زۆر كەمی هاوڵاتیان بەشداریی گردبوونەوەكەیان كرد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا