بایدن بۆ سوودانی: پابەندین بە پاڵپشتی ئابووری عێراق

964+

هێمن بەکر

بایدن بە سوودانی وتووە، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە پاراستن و پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەو قسانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کردووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوی هەردوولا لەسەر پەیوەندییەکە، سوودانی داوای لێکردووە هاوکارییان بکات لە جێگیرکردنی نرخی دۆلار لە بەرانبەر دینار، جۆ بایدنیش وەڵامەکەی ئەرێنیی بووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جۆ بایدن وتوویەتی، هەروەها پابەند دەبن بەو رێککەوتنە ستراتیجیەی لەنێوان واشنتۆن و بەغدا هەیە، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و رێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق.

لەسەر بابەتی گرانیی نرخی دۆلار، دوێنێ پێنجشەممە، شاندێک لە بانکی ناوەندیی عێراق چووەتە شاری ئیستانبوڵی تورکیا، لەوێ لەگەڵ شاندێکی بانکی ناوەندیی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەتەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە وەکو ئامادەکارییەک بووە بۆ رۆیشتنی شاندێکی عێراقی سەبارەت بە هەمان بابەت بۆ ئەمریکا لە 8ی ئەم مانگە بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە.

نزیکەی دوو مانگە نرخی دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراقی گرانە، دوو رۆژیشە نرخی 100 دۆلار لە سەرو 170 هەزار دینارە، کە ئەوە بەرزترین ئاستە لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا.