کەسێک برینداربوو

لە کەلار ئۆتۆمبێلێک خۆی بە چوار ئۆتۆمبێل و دووکانێکدا کێشا و هە‌‌ڵهات

شۆرش قادری

لە کەلار ئۆتۆمبێلێک خۆی بە چوار ئۆتۆمبێل و دووکانێکدا کێشا و هە‌‌ڵهات، لە رووداوەکەشدا کەسێک برینداربوو.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، ئەمشەو سێشەممە 3.12.2024 لەناو شاری کەلار و لە نزیک قوتابخانەی رەوشتی کچان، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و چووەتە سایدی پێچەوانە و خۆی کێشاوە بەچوار ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی تۆیۆتا هایلۆکس و دوو نیسان ئاڵتیما و نیسان سەنییەک و دواتر خۆی بە دووکانێکی سەرتاشخانەدا کێشاوە.

“ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس پاش رووداوەکە هەڵدێت و لەلایەن تیمی هاتوچۆوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردوە، بەمەبەستی زانینی هۆکار و چۆنیەتی رووداوەکە”، هاتوچۆی گەرمیان وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رووداوەکەدا کەسێک کە لەناو دووکانی سەرتاشخانەکدا بووە، برینداربووە.