وەزارەتی بازرگانیی عێراق:
“ئاردی سفری خۆمان بەكار بهێنن و هیچ ماددەیەكی كیمیایی تێدا نییە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بارزگانیی عێراق رایگەیاند، ئاردی بەرهەمی خۆمانە پشكنینی لە رووی كوالێتییەوە بۆ دەكرێت و هیچ ماددەیەكی زیادەی كیمیایی تێدا نییە، كە كاریگەری خراپی بۆ سەر بەكارهێنەر هەبێت.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، وەزارەتەكە كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمپانیای دروستكردنی دانەوێڵە كردووە، بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی میكانیزمی بەبازاڕكردنی ئاردی سفری بازرگانیی خۆمانە، داواشیان لە خاوەن فڕن و نانەواخانەكان كردووە ئاردەكە بەكاربهێنن.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتی ئەوە كرایەوە، ئاردی خۆمانە پشكنینی كوالێتی بۆ دەكرێت، هیچ ماددەیەكی زیادەی كیمیاییشی تێناكرێت، كە كاریگەریی خراپی بۆ سەر بەكارهێنەران هەبێت.
وەزارەتەكە ئەوە دەخاتەڕوو، دەیانەوێت پشتگیریی بەرهەمی ناوخۆی عێراق بكەن و بگەنە ئاستی دابینكردنی بەرهەم لە ناوخۆی عێراقدا و خۆبژێوی بكەن، لەگەڵ دابینكردنی بەرهەمێكی تەندروست و جێی متمانە بۆ هاوڵاتیان.