منداڵەکانیشی فێرکردووە تەنیا جلی کوردی بپۆشن
وەستا کارزان، پیاوێکی فۆلکلۆری لە کارکردن و رەسەن لە جلوبەرگدا
+964
ئاکام غەفور- سۆران
لە گوندی دەربەندی قەزای چۆمان، پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ، خەریکی ئاسنگەرییە، سەرنجی خەڵکی بەوە راکێشاوە بەلای خۆیدا بەوەی کەسێکە بە سیما و جلوبەرگەکەی کولتوری کوردی پاراستووە، لە رووخساریدا وەک کەسێکی بەتەمەن دەردەکەوێت، بەبینینی رووخساری خەیاڵت دەگەڕێتەوە سەردەمی زوو، لە کارەکەشی ئەو رەسەنایەتییە رەنگی داوەتەوە.
وەستا کارزان، 17 ساڵە کاری ئاسنگەری دەکات و لە دوکانەكەیدا تەور، داس، سۆپای دار، بیور و چەقۆ دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بە جۆرێک ئاشقی جلوبەرگی کوردییە دەڵێت، لە منداڵیەوە هەر ئەو جلانەم پۆشیوە و هیچ کاتێک جلی دیکەم لەبەرنەکردووە، تا ماوم شانازی بە کاری دەستی خۆم و جلوبەرگەکەمەوە دەکەم.
وەستا کارزان حەمەد، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “ئەو شتانەی لێرە دروستی دەکەم، پێویستی بە دەست و قام و هێزە، کەلوپەلی سادە بەکاردێنم لە کارکردنی رۆژانەم، دروستکردنی بیور یەکێکە لە کارە قورسەکان کە شەو و رۆژێکی پێویستە تا دروستی دەکەم، بەڵام هەر لەسەر ئەو کارە بەردەوام دەبم و بە دەستەکانی خۆم بژێوی ژیانم پەیدا دەکەم، حەز دەکەم شەوانیش کە دەخەوم کوتەکوتی ئاسنم گوێ لێ بێت”.
وەستا كارزان باسی جلوبەرگەکەی دەکات و دەڵێت، ئەوە بەرگی باب و باپیرانە و شانازی پێوەدەکەم، جلێکی جوان و رێکە، مورتاحە بۆ لەبەرکردن، منداڵەکانیشم بەم شێوەیە پەروەردە کردووە، کە هەر جلی کوردی بپۆشن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر