ئەگەر نیەتی سەرکەوتنت هەبێت هیچ شتێک نابێتە رێگر
رووداوی ھاتوچۆ قاچێکی لێسەندەوە، بەڵام کردیە پاڵەوانی ئاسیا
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
موسلیم ئەکرەم، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی خورماڵە، ماوەی 11 ساڵە یاریزانی کاراتێیە لە ئەکادیمیای کاراتێ شۆتۆکانی خورماڵ و بەشداری چەندین پاڵەوانیەتیی ناوخۆیی و دەرەوەی کردووە، لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراقیش یاریی دەکات و بەردەوامیش ئەنجامی باشی بۆ ھەڵبژاردەکە بەدەستھێناوە، بەڵام ساڵی رابردوو رووداوێک ژیانی موسلیمی بە ئاراستەیەکی دیکە گۆڕی.
چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: ساڵێک و دوو مانگ پێش ئێستا، موسلیم بە ماتۆڕسکیل ھەر لە نزیک ئەکادیمیا و شوێنی راھێنانەکەی تووشی رووداوی ھاتوچۆ دەبێت و بە سەختی بریندار دەبێت، بەھۆی ئەو رووداوەشەوە، قاچێکی لەدەستدەدات و چیدی وەک یاریزانێکی ئاسایی ناتوانێت راھێنان بکات.
بەڵام ئەوە خاڵی کۆتایی نییە بۆ موسلیم و هیچ شتێک نییە بیوەستێنێ و دووریخاتەوە لە حەزی بۆ کاراتێ، هەر بۆیە دوای چاکبوونەوە و ساڕێژبوونی برینەکانی، بە یارمەتی خێزان و کەسوکاری دەگەڕێتەوە بۆ راھێنانەکانی و بەردەوام دەبێت لە راهێنانەکانی، مانگی نۆی ئەمساڵ و رێک دوای ساڵێک لە رووداوەکە، وەک تاکە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق، بەشداریی پاڵەوانیەتیی ئاسیا بۆ یاریی پاراکاراتێ، تایبەت بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات لە وڵاتی چین و بۆ یەکەمجار لە مێژووی ھەڵبژاردەکەشدا، مەدالیای برۆنز و پلەی سێیەمی بردەوە.
ئێستاش، لەپاڵ چەند یاریزانێکی دیکەی ئەکادیمیاکەدا، یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراقە، بەردەوام سەرقاڵی راھێنانە، لە داھاتووشدا وەک نوێنەری ھەڵبژاردەکە، بەشداری ئەو پاڵەوانیەتییانە دەکات کە تایبەتن بە یاریزانانی خاوەنپێداویستی تایبەت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر