لە بەرژەوەندی کڕیارانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بڕیار دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

دەستەی وەبەرهێنان سەرقاڵی تاوتوێی بڕیارێکە لە بارەی قیستی مانگانەی کڕیارانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کە بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە ناڕەزایەتیان گەیاندووەتە ئەو دەستەیە.

پێشتر هاوڵاتیانی هەرێم بە 147 هەزار دینار 100 دۆلاریان کڕیوە و داویانەتەوە بە قیستی مانگانەی ئەو یەکانەی کڕیویانە، بەڵام ئێستا هەر 100 دۆلارێک زیاتر لە 20 هەزار دیناری چووەتەسەر و ئەوەش کێشەی بۆ دروست کردوون.

پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بە تۆڕی964ی وت “لە گفتوگۆداین لەوبارەیەوە، بەڵام چاوەڕوانی 15ـی ئەم مانگە دەکەین کە حکومەتی عێراق دیاریکردووە بۆ گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ پێش ئەم بەرزبوونەوەیە”.

ئێستا لە بازاڕەکانی دراودا نرخی سەد دۆلار لە سەرووی 170 هەزار بەرز و نزم دەکات.

“دوای ئەو وادەیە ئێمە لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان بڕیار دەدەین، بەڵام جارێ وردەکاری گفتوگۆکان راناگەیەنین چیدەکەین، چونکە چەند پێشنیارێکی جیاوازمان لەبەردەمدایە”، پشتیوان حەمەسەعید وای وت.