قۆناغی سێیەمی سەرژمێری چۆن دەبێت؟
12 هەزار و 800 كەس راهێنانیان وەرگرت و ئەمڕۆ دەستپێدەكەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ شەممە 30.11.2024 قۆناغی سێیەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەستیپێکرد، بەڕێوەبەری ئاماری هەولێریش رایگەیاند، خولی راهێنانیان بۆ بژمێرەكان تەواو كردووە و ئەمڕۆ وەك توێژەر سەردانی ماڵەكان دەكەن.
دلزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ئەمڕۆ بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ بژمێرەكانیان بەخۆیان و تابلێتەكانیان خۆیان دەكەن بە ماڵەكانی هەولێر، بۆ وەرگرتنی وەڵامی 77 پرسیار، كە لە فۆڕمی سەرژمێرییەكەدا هەیە.
وتیشی، داواكارین هاوڵاتیان وەك قۆناغەكانی پێشوو هاوكاربن و وەڵامی پرسیارەكان بە دروستی بدەنەوە، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی خۆیان و شار و وڵاتەكەیانە.
ئاماژەی بەوەش دا، كارمەندانی سەرژمێری لە بژمێرەوە بوون بە “توێژەر”، دوای ئەوەی ماوەی پێنج رۆژ لە هەولێر خولیان بینی و فێری ئەوەكران چۆن پرسیارەكان ئاراستەی هاوڵاتیان بكەن و چۆن لە تابلێتەكان تۆماری بكەن.
“10 هەزار بژمێر، لەگەڵ دوو هەزار و 800 بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەكان بەیەكەوە بەشدارییان لە خولێك كرد، كە لە هەولێر بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەڕێوەچوو، تێیدا بژمێرەكان بوون بە توێژەر”، دلزار حەمەساڵح وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، پلانەكە وایە تا 10.12.2024 قۆناغی سێیەمی سەرژمێری تەواوبێت، “ئەگەر كەشوهەوا گونجاو بێت و كێشەی تەكنیكیمان نەبێت، لە وادەی خۆیدا كارەكان تەواو دەبن”.
پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان چەند مانگێكە دەستیپێكردووە و دوو قۆناغی ئەنجامدراوە، كە پێكهاتبوون لە ژمارەكردن و گەمارۆدان و تۆماركردنی داتاكان، قۆناغی دووەمیش كە لە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، دڵنیابوونەوەی تۆمارەكان و تۆماركردنی ئەوانە بوو، كە تۆمار نەكرابوون، قۆناغی سێیەمیش پێكهاتووە لە ئاراستەكردنی 77 پرسیار لە هاوڵاتیان لە بارەی پێكهاتەی کۆمەڵایەتی، بارودۆخی ئابووری، پەروەردەیی، تەندروستی، کار و بێکاری، نیشتەجێبوون، کۆچ و هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون، زانیاری کارتی نیشتمانی و فۆڕمی خۆراک، رۆژی لەدایکبوون و ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون لە ناو خێزان و چەند پرسیارێكی دیكە.
بە پێی تۆماری قۆناغی دووەمی سەرژمێریی ئەمجارە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە 45 ملیۆن كەسە و لەناویدا هەرێمی كوردستانیش شەش ملیۆنی تێپەڕاندووە.
سەرژمێری لە عێراق لەوەتەی 1997ـەوە نەكراوە و لە هەرێمی كوردستانیش لەوەتەی 1987.
لە پرۆسەی سەرژمێری عێراق سەدان هەزار کەس لەسەر هەرێم هەژمار نەکراون
سەرژمێری
قۆناغی سێیەم
پرۆسەی سەرژمێری تا 14ی مانگ درێژكرایەوە
گوێی گران بووە و بە ئاستەم دەبیستێ
تەمەنی 102 ساڵە و بەشداریی سەرژمێریی کرد
لە رۆژانی سەرژمێری دزییان كردبوو
پۆلیسی هەولێر دوو كەسی بە تۆمەتی دزی دەستگیر كرد
ئەم هەفتەیە ئەنجامەکان رادەگەینرێت