نەخۆشخانەی دڵی منداڵان لە سلێمانی _ وێنە: 964
تەمەنی تەنیا 10 رۆژ بوو
قەستەرەی دڵ بۆ منداڵێكی ساوا لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی كرا
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بۆ یەكەمجار و لەسەر ئاستی هەرێم، لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی، قەستەرەی دڵ بۆ منداڵێكی ساوا بە سەركەوتوویی ئەنجام درا.
منداڵەكە تەمەنی تەنیا 10 رۆژ بووە و كێشیشی 2 كیلۆ و 600 گرام بووە، بە یەكەم حاڵەت دادەنرێت كە لەو كێشەدا قەستەرەی دڵی بۆ كرابێت.
دەربارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی قەستەرەكە، د. ئاسۆ فایەق، پسپۆڕی دڵی منداڵان و سەرۆكی تیمی قەستەرەكە بە 964ی وت، “بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی هەرێم قەستەرەیەكی دەگمەنمان بۆ منداڵێك ئەنجام دا، كە كێشی 2 كیلۆ و 600 گرام بوو، تەمەنیشی تەنیا 10 رۆژ بوو، ئەم قەستەرەیە بۆ ئەو منداڵانە ئەنجام دەدرێت كە بۆڕی خوێنی سییەكانیان نییە، نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بوو، ئێستا منداڵەكە لە نەخۆشخانە نەماوە و دوای دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستی رەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە”.
نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی بە قەستەرە كۆرپە تازە لەدایکبووەکان رزگار دەكات
وتیشی، حاڵەتەكە كتوپڕ بوو، لە هەولێرەوە بە ئەمبۆلانس هێنرابووە سلێمانی، بەنیازبوون رەوانەی وڵاتی ئێرانی بكەن، كە تێچووی قەستەرەكە لە دەرەوە لە 20 هەزار دۆلار كەمتر نییە، بەڵام ئێمە دڵنیاییمان دا كە لێرەش دەتوانین بە سەركەوتوویی قەستەرەكەی بۆ ئەنجام بدەین.
ئەو دكتۆرە ئاماژەی بەوەش كرد، قەستەرەكە زۆر قورس بوو، لەبەرئەوەی لە هەردوو حاڵەتی كێشی منداڵەكە و جۆری بۆڕی سییەكانی منداڵەكە دەگمەن بوو.
“ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بە سێ قۆناغ دەكرێت و قۆناغی یەكەم: قورسترینە و لە رێگەی دەماری شاخوێنبەری رانییەوە شەبەكەمان بۆ بۆڕی نێوان سییەكانی و شاخوێنبەری داناوە و لە دەرەوە بۆریمان بۆ دڵی دروست كردووە، قۆناغی دووەم: نەشتەرگەری گلێنی پێدەڵێن و سینگی دەكرێتەوە، ئەمەش لە تەمەنی 3 بۆ 6 مانگی دەكرێت، قۆناغی سێیەم: نەشتەرگەری فۆنتانی پێدەڵێن و قۆناغی كۆتایی كردنەوەی سینگی منداڵەكەیە و لە تەمەنی ساڵێك بۆ سێ ساڵی دەكرێت” د. ئاسۆ فایەق وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئاستی عێراق، تەنیا لە بەغداد، بەسڕە و سەنتەری دڵی سلێمانی ئەو جۆرە قەستەرەیە بۆ منداڵان دەكرێت، نەشتەرگەرییەكە بە تیمێكی 9 كەسی و بێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا
لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی سەردانیكردنی نەخۆش زیادیكردووە
نەخۆشخانەی دڵ
لە سلێمانی
بە خۆبەخشی تیمێک کونی دڵی 43 منداڵیان داخست
کۆبونەوەى وەزارەت لە هەڵەبجە دەبێت
وەزیرى تەندروستى بەڵێن بە هەڵەبجە دەدات
"دەرمان و كەرەستەمان نەماوە"
لە سلێمانی تاساڵی 2027 نۆرە بۆ قەستەرەی دڵ گیراوە
کەسوکارەکەی گومانیان هەیە و سکاڵایان تۆمار کرد