هاوکاریان پێدەدرێت

داوا دەکرێت هەموو زەوییەکانی چوارچێوەی مادەی 140 بخرێنە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە

964+

ژووری هەواڵ

لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی 140 لە کەرکوک نووسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە و داوا دەکات هاوکاری بدرێت بەو جوتیارانەی کە لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە بێبەشبوون.

زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، داوایەک ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق کراوە، بۆئەوەی هەموو ئەو زەویانەی لە چوارچێوەی مادەی 140ـدان، بخاتە نێو پلانی كشتوكاڵییەوە جگە لەوانەی سكاڵایان لەسەرە.

لە کەرکوک، سێ ملیۆن دۆنم زەوى کشتوکاڵى هەیە، یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوى لە نێو پلانى کشتوکاڵیدایە و یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى دیکەش کێشەى موڵکدارى لەسەرە.

مانگی رابردووش نزیکەی 400 ھەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای کەرکوک خرانە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە و خاوەنی ئەو زەوییانە سودمەند دەبن لە هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق.

ئەو زەویانەی ناخرێنە پلانی کشتوکاڵییەوە بێبەش دەبن لە تەواوی هاوکارییە کشتوکاڵییەکانی حکومەت کە خۆی لە پێدانی پەینی کیمیایی و تۆو و پێداویستی دیکە دەبینێتەوە، هەروەها بەرهەمەکانیشیان لێوەرناگیرێت و دەبێت لە بازاڕی رەش بە هەرزانتر ساغیبکەنەوە.

مۆڵەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کەرکوک درێژکرایەوە

مۆڵەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کەرکوک درێژکرایەوە