"ناوچه‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوه"
له گوندێكی سیده‌كان ژماره‌یه‌ك دارى ته‌ڕ بڕاون و پۆلیسیش ده‌ستى به داربڕه‌كان ناگات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له گوندێكی سنوورى قه‌زاى سیده‌كان، له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك دارى ته‌ڕى به‌ته‌مه‌ن بڕاون، پۆلیسی ژینگه و دارستانیش ده‌ڵێت، به‌وه‌یان زانیوه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى گونده‌كه‌ى لێیه قه‌ده‌غه‌كراوه، بۆیه تاوه‌كو ئێستا داربڕه‌كانیان ده‌ستگیر نه‌كردووه.
گونده‌كه، ناوى داسنی یه كه‌وتووه‌ته نزیك ناوچه سنوورییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران.
عه‌دنان ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی بنكه‌ى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى سیده‌كان، به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌و داره ته‌ڕانه‌ى بڕاون نزیكه‌ى بیكئابێك ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه مه‌ترسی هاتوچۆى درۆنى لێده‌كرێت و هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ى لێ نزیكه نه‌یانتوانیوه بچنه گونده‌كه.
وتیشی ” به‌دواداچوونمان به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ى داربڕه‌كان ده‌ستگیر ده‌كه‌ین”.
به‌قسه‌ى ئه‌م به‌رپرسه، له ئێستادا ئه‌م گونده چۆڵه و كه‌سی لێ ناژیت، به‌ڵام چه‌ند هاوڵاتییه‌كى ئه‌م گونده كه كێشه‌یان له‌نێواندا هه‌یه له رقی یه‌كترى ئه‌و دارانه‌یان بڕیون.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵانى رابردوو داربڕین له سنووره‌كه‌یان زۆر كه‌م بووه، به جۆرێك زیاتر له 50% ـى كه‌مى كردووه، ئه‌وانیش به‌رده‌وام رێنمایی ده‌ده‌نه خه‌ڵك و تیمه‌كانیشیان به‌رده‌وام چاودێرى سنووره‌كه‌یان ده‌كه‌ن.