چەند کاتژمێریک ئاوی زێی بچوک کەم دەکرێتەوە
ئەمڕۆ هەڵمەتێکی گەڕان بەدوای تەرمی منداڵەکەی گوندی کڵێسە دەستپێدەکات
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ بۆ چەند کاتژمێرێک ئاوی زێی بچوک بەڕێژەیەکی کەم بەردەدرێتەوە، بەمەبەستی گەڕان بەدوای تەرمی ئەو منداڵەی هەفتەی رابردوو، لە گوندی کڵێسە خنکا.
ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق بە 964ـی وت، ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00ەی سەر لە بەیانی ئاوی زێی بچوک کەم دەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی تیمی غەواسی بەرگری شارستانییەکانی کۆیە و تەقتەق و چەند تیمێکی دیکەی غەواسی خۆبەخش، هەڵمەتێکی فراوان دەستپێدەکەن بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو منداڵە 10 ساڵەی هەفتەی رابردوو خنکا.
وتیشی، گەڕانەکە شەش بۆ حەوت کاتژمێر دەخایەنێت و لەو ماوەیەشدا ئاوی زیی بچوک کەمدکرێتەوە بۆ کارئاسانی کردن بۆ تیمەکان.
هیواشی خواست، رەوشی کەشوهەوا لەبار بێت بۆ ئەوەی بتوانن تەرمەکە بدۆزنەوە و ئاستەنگییان بۆ دروست نەبێت.
سەبارەت بەوەی لە کاتی بەردانەوەی ئاوەکە، زیان بەر پڕۆژە گەشتییارییەکانی سەر زێی بچوک دەگات یان نا، ئاسۆ مستەفا وتی، هیچ کام لە پڕۆژەکان زەرەرمەند نابن، بەهۆی ئەوەی ئاوەکە بە تەواوەتی ناگیرێتەوە، بەڵکو رێژەکەی کەم دەکرێتەوە و لەکاتی بەردانەوەیدا هیچ کێشەیەکە درووست نابێت.
منداڵەکە تەمەنی 10 ساڵ بوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەمەبەستی گەشت و سەیران لەگەڵ خێزانەکەی روویانکردووەتە سنووری قەزای کۆیە لە گوندی کڵێسە بۆ ماڵی باپیری، بەڵام کاتێک زانییاویانە منداڵەکە کەوتووەتە ناو زێی بچوک و بەفریای نەکەوتوون رزگاری بکەن.
گوندی کڵێسە، زێی بچووک بە تەنیشتیدا تێپەڕدەبێت، 41 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای کۆیەوە دوورە.