جوتیار عادل: داتاکانمان داوەتە بەغدا

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک داتا و زانیاری لەسەر نەوت و بودجە رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و دەیەوێت ئەمە ببێتە هەوێنی رێککەوتن لەنێوان هەردوولا.

ئەمڕۆ پێنج شەممە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داتاكان، رادەست كراون و وردبینییان تێدا كراوە، لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی دۆسیەی نەوت و بودجە، هەماهەنگیی باشمان كردووە و زانیارییەكان رادەست كراون.

قسەکانی جوتیار عادل لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم دێت.

بە وتەی جوتیار عادل، هیچ بیانوویەك بۆ حكومەتی عێراق بۆ رێكنەكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە و ئەوان رژدن لەسەر رێككەوتن.

لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا “داوا دەكرێت بابەتی مووچە و پرسەكانی ماددەی 140 و هەندێك یاسادانان، بەپێی كات و دەستوور جێبەجێ بكرێن. بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پرسی نادەستووریبوونی دادگای فیدڕاڵییەوە هەیە، لەڕووی پێكهاتە و دەسەڵاتەكانییەوە،” جوتیار عادل وای وت.

لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و دواکەوتنی، جوتیار عادل وتی: بەبێ 200 ملیار دینارەكەی بەغدایش، لە پێدانی مووچە بەردەوام بووین و بەردەوامیش دەبین.

ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، لە ساڵی 2014 سەریهەڵدا، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد و بەهۆیەوە حکومەتی ئەو کاتەی عێراق، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.