تیمێک دەچنە گەرمیان
زانیاری و نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وەردەگیرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی شەهیدان لە هەرێمی کوردستان، ئاگاداری کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەو خێزانانە دەکاتەوە کە لە سەردەمی “رژێمی بەعس”، ئەندامێکی خێزانەکەیان بێ سەرو شوێن کراوە، نموونەی خوێن-یان لێ وەردەگیرێ.
تیمی نیشتیمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کە لە پەیمانگای پزیشکی دادیی بەغدا و فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەزگای شەهیدانی عێراق و رێکخراوی icmo ی نێودەوڵەتی پێک هاتوون، دەست دەکەن بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نمونەی خوێن لێیان.
لە بڵاوکراوەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی 22.11.2024، وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، وەزارەتی شەهیدانی و کاروباری ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەڵمەتەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان “کەلار” و لە ناحیەی رزگاری و بە دیاریکراوی لە کتێبخانەی گشتی رزگاری ئەنجام دەدرێ.
کتێبخانەکە، دەکەوێتە سەر شەقامی دوو ساید لە بەرامبەر بەرێوەبەرایەتی ناحیەی رزگاری و بەرێوەبەرایەتی ئاوی رزگاری، کاتی سەردانکردن لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 2:00ی پاش نیوەڕۆ دەبێ و لە رۆژانی دەوام، دەبێ کەسوکاری ئەنفالکراوان کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو و یان ناسنامەی باری کەسی پێ بێت و بچنە لای تیمەکان.
ئێستا لە بیابانەکانی سەماوە دوو گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵ هەن کە کاری هەڵدانەوەیان بۆ دەکرێ، وەزارەتەکە دەڵێت، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 08707171201 بکەن و لە دوای کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ پەیوەندی بکەن و وەڵامتان دەدەینەوە.