قەمسەڵە و قاپوتەکانتان بێننەوەدەر

باران بارین دەستپێدەکاتەوە و بەفریشی لەگەڵدایە

شۆڕش قادری

هەفتەی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق باران بارین دەستپێدەکاتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبێت.

بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەی کەشناسی عێراق، لە رۆژی یەکشەممەوە 24.11.2024 باران بارین دەستپێدەکاتەوە و لە هەندێک ناوچەی هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بارانی بەلێزمە دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ رۆژانی دواتر واتە دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو، پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمێش، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی ناوچەکانی کوردستان بە گشتی پەڵە هەور و خۆرەتاو دەبێت.