هەفتەی داهاتوو

بۆ ماوەی سێ رۆژ دابەشکردنی ئاو لە زیاتر لە 15 گەڕەکی سۆران رادەگیرێت

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران هاوڵاتیانی زیاتر لە 15 گەڕەک ئاگادار دەکاتەوە کە هەفتەی داهاتوو بۆ ماوەی سێ رۆژ ئاو ئاویان بۆ بەرنادرێتەوە و داوایان لێدەکات دەست بە ئاوەوە بگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20.11.2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران رایگەیاند، پڕۆژەی ئاوی زارگەلی لە رۆژانی شەممە، یەکشەممە و دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو رادەگیرێت، هۆکارەکەش کارکردنە لە پرۆژەی دەروازەی شار و گۆڕینی رێڕەوی هێڵە سەرکییەکانی ئاوی خواردنەوەی شار.

گەڕەکەکان دەکەونە سنووری قەزای ناوەندی سۆران و ناحییەی دیانا و پێکهاتوون لەم شوێنانەی خوارەوە:

ناوچەی پیشەسازی و باپشتییانی خواروو، دووسایدی زارگەلی تاوەکو فلکەی گشتی بازاڕ و گەڕەکی بەختیاری و گەڕەکی شەهیدانی بەختیاری و پشت هۆڵی بوونەکان، پشت رێکخستن، گەڕەکی چەمی رێزان و بەشێکی گەڕەکی نەورۆز (پشت هۆتێل بینەزیر) و ناو بازاڕ و گەڕەکی گۆڕەز، گەڕەکی بانە و بەشێکی گەڕەکی کانی و گەڕەکی ئازادی و گەڕەکی شەهیدانی ئازادی، گەڕەکی خاتووناوە و گەڕەکی دێلزیان و گەڕەکی شەهیدانی دێلزیان، گەڕەکی برادۆست.