له 53 هه‌زار كه‌سه‌وه ته‌نیا 8000 كه‌سى لێ ماوه
قه‌زاى ماوه‌ت گه‌وره‌ترین كێشه‌ى له سه‌رژمێری بۆ دروستبووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
قه‌زاى ماوه‌ت، له ئێستاوه خه‌مى ئه‌نجامى سه‌رژمێرییه‌تى، چونكه زۆرینه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى له سلێمانى ده‌ژین و كه‌مترینیان له گونده‌كان ماون، قایمقامیش ده‌ڵێت “ئه‌نجامى سه‌رژمێری به قازانجى سنووره‌كه‌مان نییه”.
به‌پێی ئامارێكی فه‌رمانگه‌ى كارتى نیشتمانى، كه قایمامییه‌ت به 964ـى داوه، له سنوورى قه‌زاى ماوه‌ت 53 هه‌زار كه‌س وه‌ك دانیشتوان تۆمار كراون و خاوه‌نى كارتى نیشتمانین، به‌ڵام به‌پێی فۆڕمى خۆراك ته‌نیا هه‌شت هه‌زار كه‌س له سنوورى ماوه‌تدا ده‌ژین.
كامه‌ران حه‌سه‌ن، قایمقامى قه‌زاى ماوه‌ت به 964ـى راگه‌یاند گه‌وره‌ترین كێشه كه له سه‌رژمێریدا رووبه‌ڕووى قه‌زاكه‌ى بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ى دانیشتوانى قه‌زاكه‌ى له شار ده‌ژین به تایبه‌تیش له سلێمانى.
وتیشی “هه‌مان ئه‌م كێشه‌یه له ته‌واوى شارباژێڕیش هه‌یه كه به زستانان دانیشتوانه‌كه‌ى ده‌چنه‌وه شاره‌كان”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، چه‌ندین جار بانگه‌وازیان بۆ خه‌ڵكه‌كه كردووه كه بۆ سه‌رژمێری بگه‌ڕێنه‌وه ماوه‌ت به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌یان وه‌كو پێویست نییه.
روونیشیكرده‌وه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى به زستانان ده‌گه‌ڕێته‌وه شاره‌كان خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌تن، به‌ڵام بابه‌تى سه‌رژمێری شتێكی گرنگه به‌تایبه‌تیش كه ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌كرێته پێوه‌رى بۆ دابینكردنى بودجه و داهات و ئه‌نجامدانى كاره خزمه‌تگوزارییه‌كان.
به‌پێی بانگه‌وازێكیش كه له سۆشیاڵ میدیاكانى ماوه‌ت بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌كراوه كه له‌ئێستادا زۆرینه‌ى گوندنشینان گەڕاونەتەوە سلێمانی، له كۆى 70 گوندى سنووره‌كه گوند هەیە لە هاویندا 80 خێزانی تیابووە، به‌ڵام لە ئێستادا تەنیا سێ ماڵی لێماوە.
داوا له خه‌ڵكه‌كه كراوه بۆ سه‌رژمێرى بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كانیان، چوزنكه ده‌ڵێن، نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان کارەساتێکە بۆ سنورەكه‌یان و لە ئایندەی نزیک و دووردا کاریگەری زۆر خراپی دەبێت.