خانەنشینان لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا وەستاون. وێنە:بانکی مەڵکەندی.
خانەنشینی سلێمانی وا دەڵێت
بۆ خانەنشین بوون دەبێت لە 50 ساڵ زیاتر بیت و خزمەتی راژەت 15 ساڵ بێت
ژووری هەواڵ
بەگوێرەی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی، ئەو فەرمانبەرانەی دەستیانلەكاركێشاوەتەوە یان فەسڵكراون دەتوانن داوای خانەنشینی بكەن، هەر فەرمانبەرێکیش داوای خانەنشینبوون بکات، دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێت و خزمەتی راژەی 15 ساڵ بێت.
بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی لە گشتاندنێکدا، كە واژۆی بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی لەسەرە و ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کراوە دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی لەپێش 1.1.2020 فەسڵکراون یان دەستیانلەکارکێشاوەتەوە، ئەگەر لەو کاتەدا تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵەوە بووبێت و 20 ساڵ خزمەتیان هەبووبێت، دەتوانن خانەنشین ببن.
ئەوانەشی لە پاش هەمان رێککەوت فەسڵکراون یان دەستیانلەکار کێشاوەتەوە و تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە و 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، بە هەمان شێوە دەتوانن مامەڵەی خانەنشینبوون بکەن.
لە گشتاندنەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر فەرمانبەرێک داوای خانەنشینبوون بکات، دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێت و خزمەتی راژەی 15 ساڵ بێت، ئەوانەشی تەمەنیان 45 ساڵە دەبێت راژەی خزمەتیان 25 ساڵ بێت.