منداڵەکەی پیرەمەگروون لە گوندێکی تاریک دۆزرایەوە
میدیازان – هاوبەش محەمەد – دیسکی سلێمانی
هەستی ئارامی تەمەن هەشت ساڵ لەدوای هەشت کاتژمێر لە ونبوونی لە گوندێکی تاریک درەنگانی شەوی رابردوو دۆزرایەوە، کەسوکارەکەی دەڵێن بۆ میوانی چوون بۆ پیرەمەگروون و لەوێ دیار نەماوە.
هەستی ئارام کچێکی تەمەن هەشت ساڵە، خاڵی دەڵێت تووشبووی ئۆتیزمە و دوێنێ کاتژمێر ٤ بەبێ ئاگاداری دایک و باوکی لە ماڵ چووەتە دەرەوە و لە ماوەی ٨ کاتژمێردا بەپێ نزیکەی ٥ کیلۆمەتری بڕیوە و لە ماڵ دوورکەوتووەتەوە.
وریا لەتیف کەریم، خاڵی هەستی بە میدیازانی وت، “ماڵی خوشکەکەم بە میوانی هاتبوون بۆ ماڵی ئێمە لە پیرەمەگروون، هەستی بەبێ ئاگاداری ئێمە نزیکی کاتژمێر ٤ لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە.”
دەشڵێت، هەستی بەهۆی نەخۆشییەکەی توانای قسەکردنی نییە و دوێنێ شەو بە هەوڵی خەڵکی پیرەمەگروون و پۆلیس و ئاسایش کاتژمێر ١٢ی شەو لە گوندی قازیاوە لە پیرەمەگروون دۆزیمانەوە.
خەڵکی پیرەمەگروون و پۆلیس و ئاسایش نزیکەی ٥ گوند گەڕاون بۆ دۆزینەوەی هەستی و چوونەتە گوندەکانی چەرمەگا، کرژە، کۆکا، یارانبەگی و قەرچەتان، بەڵام بێسوود بووە، تا لە گوندی قازیاوە دۆزیویانەتەوە.
کەسوکاری هەستی دانیشتووی گەڕەکی قلیاسانن لە سلێمانی، رۆژی هەینی چوون بۆ میوانی لە پیرەمەگروون و هەمان رۆژ لە ماڵی خاڵی ونبووە.